ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: رۆژانە 300 تانکەر پاشماوەی نەوتی دەڕۆنە دەرەوە و گومانمان هەیە

 
رووداو - گەرمیان

دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە، بەشێکی زیاتر لە شۆفێری تانکەرەکان رۆژانە پاشماوەی نەوتی بار دەکەن و دەیگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکە. شۆفێری تانکەرێک دەڵێت، لەوەتەی "بۆریی نەوتەکە گیراوەتەوە، ئیشەکەمان زۆر باشتر بووە."
 
کاروان مەولوود 22 ساڵە شۆفێرە و خەڵکی هەولێرە، لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکات، 10 ساڵە لە هەولێر و سلێمانییەوە پاشماوەی نەوت دەگوازێتەوە بۆ دەروازەی پەروێزخان و لەوێشەوە بۆ ئێران؛ دەڵێت، "لە خودا بەزیادبێت ئێستا کە بۆریی نەوتەکە گیراوەتەوە، دەوری مانگێک دەبێت، ئیشەکەمان زۆر باشتر بووە."
 
شۆفێرانی دەروازەکە دڵخۆشن بە زیادبوونی بار و دڵگرانن لە خراپیی رێگەوبانەکان. عارف ئەلیاس، شۆفێر باس لەوە دەکات، "کرێکە باشە، بەڵام ريگەوبان نەماوە، نە [سنووری] ناو یەکێتی و نە [سنووری] ناو پارتی بۆمان چاک ناکەن."
 
کەمال بیلال، شۆفێر ئاماژە بەوە دەکات، "پێشتر نەوت باش بوو، دەچووینە لای بەندەر عەباس و بەندەر ئیمام، ماوەیەکە راوەستاوە، بەڵام ئێستا کاتەکەی باشە و ئیشەکەش باشە."
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، رۆژانە 300 تانکەر بەناوی پاشماوەی نەوتی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە دەنێردرێتە ئێران.
 
ئێستا لە دەروازەی پەروێزخانەوە، بە گوتەی کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایی سلێمانی "رۆژانە 300 بۆ 500 تانکەر بەناوی پاشماوەی نەوتییەوە دەڕۆنە دەرەوە، ئێمە بۆ خۆمان گومانمان هەیە، چونکە بەپێی مەنەفێسەکە نووسراوە لەسەر زاری شۆفێرەکەوە: ئەمە پاشماوەی پاڵاوگەی نەوتییە. هیچ کاتێک ئەمە پشتی پێ نابەسترێت. بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، ئەمە هەم نەوتی خاوی تێدایە و هەم نەفتاشی تێدایە و داهاتەکەشی نازانین بۆ کوێ دەڕوات."
 
بەپێی ئاماری نوێنەری شۆفێرانی بارهەڵگری سەوزە و تەڕە و نوێنەری شۆفێرانی تانکەری نەوت، رۆژانە 700 بۆ 800 بارهەڵگر لە ئێرانەوە سەوزە و میوە دەهێننە خاکی هەرێمی کوردستانەوە و 300 تانکەریش پاشماوەی نەوت دەبەنە ئێران.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، تەنیا داهاتی 15 رۆژی مانگی نیسان 12 ملیارد دینارە.