ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: دوو ناحیە فەرمانگەکانیان بەسەر ئیدارەی راپەڕین و قەزای دووکاندا دابەشبوون

28-04-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، دوو ناحیەی ئیدارەی راپەڕین لەنێوان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕیندا گیریان خواردووە و بەشێکی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان سەر بە ئیدارەی راپەڕین و بەشەکەی دیکەشیان سەر بە دووکانن لە پارێزگای سلێمانی؛ قایمقامی رانیەش دەڵێت: "هۆکارەکەی نازانم؛ پێشتر لەسەر داواکاریی خەڵک هەردوو ناحیەکە خرانە سەر ئیدارەی راپەڕین، ئێستا هەندێکیان کاریان لای ئێمەیە و بەشەکەی دیکەشیان لەسەر قایمقامییەتی دووکانە."
 
کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دانیشتووانی هەردوو ناحیەی خدران و بنگرد لە ئیدارەی راپەڕین بوونەتە قوربانی و پێویستە دۆخەکەیان چارەسەربکرێت؛ بەشێک لە فەرمانگەکانی هەریەک لەو دوو ناحیە لەسەر قایمقامییەتی دووکانن و بەشێکیشیان لەسەر ئیدارەی راپەڕینن، ئەمەش وایکردووە خەڵکی زۆر ماندوو بن و جاری وا هەیە بۆ یەک واژۆ زۆریان پێدەچێت؛ دەبێت ئەوە کۆتایی پێبهێندرێت."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، فەرمانگەکانی کشتوکاڵ، پۆلیس، پۆلیسی دارستان، ئاگرکوژێنەوە، فەرمانگەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لەو دوو ناحیەیە سەر بە قەزای دووکانن، هەرچی شارەوانی و چەند فەرمانگەیەکی دیکەن لەوانەش تەندروستی و رێگەوبان و ئەوقاف سەر بە ئیدارەی راپەڕینن.
 
لە كابینەی شەشەم و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 1084 لە رۆژی 2/5/2011 بڕیاری دروستكردنی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و سۆران و زاخۆ دەرچوو، سەرۆكی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 1650 لە رۆژی 5-3-2011  رەزامەندی لەسەر بڕیارەکە دەربڕی.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە نووسراوی 325 لە رۆژی 28/3/2011 رەزامەندیان لەسەر دروستبوونی ئیدارەی راپەڕین دەربڕی و پێشنیازی ئەوەشیان كرد كە هەردوو ناحیەی خدران و بنگرد كە سەر بە قەزای دووكان بوون بخرێنە سەر ئیدارەی راپەڕین.
 
سەبارەت بە کێشەکە، ئاوارە عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر هەردوو ناحیەکە لەسەر داواکاری خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان خرانە سەر راپەڕین، بەڵام ماوەی مانگێک دەبێت ئەو دوو شوێنە بە بڕیاری وەزیری شارەوانی کەوتوونەتەوە سەر شارەوانییەکانی سلێمانی، هەرچەندە هێشتا هەندێک لە کارەکانی ئەو دوو ناحیە و فەرمانگەکانیان لەسەر ئیدارەی راپەڕین ماوەتەوە، لەوانە رێگەوبان و ئەوقاف و تەندروستی."
 
ئاوارە عەلی گوتی: "نازانین بۆ وای لێهاتووە؛ ئەو ناحیانە بەرە بەرە فەرمانگەکانیان خرانەوە سەر سلێمانی."
 
حوسێن مەحموود، قایمقامی رانیەش لەو بارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "نازانم ئەو بابەتە بۆ وای لێهات. ئێمەش نازانین هۆکار چییە؛ پێشتر لەساڵی 2015 ئەو دوو ناحیە خرانە سەر ئیدارەی راپەڕین؛ ئێستاش دەخرێنەوە سەر سلێمانی؛ ئەمە بۆ ئێمەش جێگەی سەرنجە لەکاتێکدا بەشێکی خەڵک لەو دوو ناحیە و گوندەکانیان لە ئیدارەی راپەڕینەوە نزیکترن تاوەکو دووکان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە