رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی نەناردووەتە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت بەربەستەکان لەبەردەم ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەدا زۆرن و تەنیا 32٪ی داهاتی نەوت دێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
لیزا فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ناناوەندێتی خۆی لە خۆیدا جۆرە کێشەیەک لە کۆکردنەوەی داهاتدا بۆ حکومەت دروست دەکات. حکومەت یەک حکومەتە و پێویستە داهاتەکان لە پارێزگاکانەوە بەبێ جیاوازی کۆبکرێنەوە و بگەڕێنەوە نێو خەزێنەی حکومەت. ئەو ناناوەندێتییە لە کۆکردنەوەی داهاتدا بەربەستێکی گەورەی بەردەم پرۆژەیاسای بودجەیە. تەنیا 32٪ی داهاتی نەوت دێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوی دیکە بۆ کۆمپانیاکان و کرێی بۆری دەچێت."
هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی هەرێمی کوردستان لە بەردەستی حکومەتدایە، لە کاتێکدا کە چوار مانگی ساڵ تێپەڕیوە و رادەستی پەرلەمانی نەکردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووری گوتی: "رەوشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاوازە کە بەراوردی ئەوە بکەین بۆچی تاوەکو ئێستا بودجە نەنێردراوەتە پەرلەمان. لە ساڵی 2014وە تا ئەمڕۆ بەهۆی چەندین کێشەی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەت بە خۆی نەبووە. ئەمەیش گەورەترین هۆکارە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەم پرۆژەیاسایە دوا بکەوێت."
بەپێی یاسای بودجە دەبووایە ئەو پرۆژەیاسایە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020ـدا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرایە.
لیزا فەلەکەدین گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پرۆژەیاساکە ئەوەیە کە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان کراوە تاوەکو ئێستا لە رووی میکانیزمەوە بە تەواوی دەستنیشان نەکرابێت کە دەبێت بڕی چەندە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بێت. هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە کە رەنگە لە بودجەی هەرێمی کوردستاندا کورتهێنانێکی گەورە دروست ببێت."
لیزا فەلەکەدین ئەوەی خستەڕوو کە نەبوونی ناوەندێتی لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆدا یەکێکە لەو بەربەستانەی ئێستاکە لەبەردەم پرۆسەی داڕشتنەوەی پرۆژەیاسای بودجەدایە و پێیوایە "ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت ئەگەرێکی زۆر هەیە پرۆژەیاساکە دوا بکەوێت. هەروەها هەندێک وەزارەتیش، بە تایبەت وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان، داتای پێویستیان بۆ دەستنیشانکردنی خەرجی و داهاتەکان بە ئەنجوومەنی وەزیران نەداوە. بەڵام تاوەکو ئێستایش دەرفەت هەیە کە حکومەت پرۆژەیاساکە ئامادە بکات."
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابینکردنی بودجە پێویستی بە 895 ملیار دینارە. ئەوەیش تەنیا 32٪ی بۆ مووچەی بنەڕەتی دەچێت، ئەوی دیکەی بۆ دەرماڵەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ