بەیان سامی عەبدولڕەحمان: کوردستان لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانیی دوولایەنە و فراوانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن رایگەیاند ئەمڕۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هاوبەشی یەکدین و کوردستان "خۆشبەختە کە لەناو کۆنگرێسی ئەمریکادا پشتیوانیی دوولایەنە و فراوانی هەیە".
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لە وێبناری یادی 30 ساڵەی هەرێمی نەفڕین گوتارێکی پێشکیش کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ، پێکەوە یادی 30 ساڵەی کارێکی دیاری مرۆیی دەکەینەوە، کە بە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی ناسراوە. ئەم کارە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنساوە سەرکردایەتی کرا، ئەو کارە سەدان هەزار کەسی لە خەڵکی کوردستانی رزگار کرد کە لە ترسی هێرشی تاوانکاریی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە 1991 هەڵاتبوون".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمڕۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هاوبەشی یەکدین. ئێمە خاوەنی بەهای هاوبەشین لە بواری رێزگرتن لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادی ئایینی. بەیان سامی عەبدولڕەحمان هەروەها گوتی: "کوردستان خۆشبەختە کە لەناو کۆنگرێسی ئەمریکادا پشتیوانی دوولایەنە و فراوانی هەیە".
دەقی گوتارەکەی بەیان سامی عەبدولڕەحمان
بەیانی باش لەوانەی لە ئەمریکاوە لەگەڵمانن، نیوەڕۆ باش بۆ ئەوانەی لە ئەوروپا و ئێوارەباش بۆ ئەوانەی لە کوردستان و عێراقەوە لەگەڵمانن.
بەناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەمریکا، دەمەوێت بەخێرهاتنی هەموو ئەوانە بکەم، کە لەم بۆنە تایبەتەدا لەگەڵمان بەشدارن.
ئەمڕۆ، پێکەوە یادی 30 ساڵەی کارێکی دیاری مرۆیی دەکەینەوە، کە بە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی ناسراوە. ئەم کارە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنساوە سەرکردایەتی کرا، ئەو کارە سەدان هەزار کەسی لە خەڵکی کوردستانی رزگار کرد کە لە ترسی هێرشی تاوانکاریی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ١٩٩١ هەڵاتبوون.
دوای راپەڕینی دژ بەو دیکتاتۆرە لە سەرەتاکانی 1991، سەدام حوسێن هەلیکۆپتەری جەنگی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو خەڵکەی کە دژ بەو راپەڕیبوون. لە ترسی ئەوەی دووبارە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێتەوە، سەدان هەزار کەس بەرەو شاخە بە بەفر داپۆشراوەکان هەڵاتن لە سنوورەکانی تورکیا و ئێران، کە لەوێ گیریان خواردبوو، رووبەرووی مردن، برسێتی و نەخۆشی دەبوونەوە.
سەرەتا وەها دەردەکەوت کە هیچ هیوایەک نەماوە، لەوکاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ٦٨٨ی پەسەند کرد، داوایکرد عێراق سەرکوتکردن بوەستێنێت و رێگا بە بوژانەوەی مرۆیی بدات. لە ٦ی نیسان، ئەمریکا ناوچەی نەفڕینی راگەیاند و چەند رۆژێکیش دواتر دەستی بە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامیی کرد. ئەم بڕیارە گرنگانە بوونە قەڵخان بۆ کوردستان بۆ دەیەی دواتریش و وایکرد بتوانین هەرێمێکی ئاشتەوایی و سەقامگیر دابمەزرێنین.
گرنگیشە ئێمە دان بە قوربانیدانی گەلی خۆماندا بنێین لەو کاتەدا، بەوە بزانین کە ژیانی خەڵک تێکچوون، هەروەها ئەوانەش بەیادبهێنینەوە کە لەو کۆچەدا گیانیان سپارد و لەسەر رێگاکان نێژران.
هەروەها گرنگیشە لێرەدا رۆڵی پێشمەرگە و سەرکردایەتی کوردستان بەرز بنرخێنین، کە لەو کاتەدا وەک بەرەی کوردستانی ناسرابوون. هەندێک لەو سەرکردانەی کە رۆڵی دیاریان هەبوو، بەداخەوە ئێستا چیدی لەگەڵمان نین، بۆ نموونە، سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بەڵام رۆڵی ئەوان لەبیر ناکرێت.
ئەمڕۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هاوبەشی یەکدین، ئێمە خاوەنی بەهای هاوبەشین لە بواری رێزگرتن لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادی ئایینی.
کوردستان خۆشبەختە کە لەناو کۆنگرێسی ئەمریکادا پشتیوانی دوولایەنە و فراوانی هەیە. من زۆر خۆشحاڵم ئەوەش رابگەیێنم کە بەرپرسانی کۆمەڵەی کوردی- ئەمریکی کۆنگرێس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاریان دا یادی ٣٠ ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی بکەنەوە.
بڕیارەکەش بەم دێرە کۆتایی دێت:
کۆنگرێسی ئەمریکا: دووبارە جەخت لە هاوبەشیی بەهێزی ئەمریکا- کوردستان و رێزگرتن و پشتیوانیی کوردی هاوپەیمانمان دەکاتەوە، کە ئازایانە شان بەشانی ئەمریکا لە پێگەی هاوبەشدا دژ بە توندرەویی و تیرۆریزم وەستانەوە.
سوپاس بۆ ئەندامانی کۆنگرێس و بەتایبەت کۆمەڵەی کوردی- ئەمریکی.