نێچیرڤان بارزانی: بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە

 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، ناكرێت مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێنه‌ پرسێكى سياسى و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن به‌غداوە به‌ كارێكى ناده‌ستوورى و ناياسايى له‌ قه‌ڵه‌م دا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2020 لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد، داواى له‌ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، رۆڵى خۆى بگێڕێت.
 
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە له‌سه‌ر بنه‌ماى دابينكردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى، هه‌رێمى كوردستان پشتگيرى له‌ مسته‌فا كازمى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى فيدراڵيى عێراق ده‌كات‌ و هيواى خواست بتوانێت له‌ واده‌ى دياريكراوى خۆيدا حكومه‌ته‌كه‌ى پێكبهێنێت.
 
د. ئه‌دهه‌م ئيسماعيل، نوێنه‌رى رێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى (WHO) له‌ عێراق ئاماده‌ى کۆبوونەوەکە بوو، چۆنێتيى مامه‌ڵه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ى له‌لايه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌رز نرخاند و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق سوپاس و ده‌ستخۆشییان له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرد، هاوکات نێچيرڤان بارزانييش سوپاسى رێكخراوه‌كه‌ى كرد بۆ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.