هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆ کۆتاییهات

28-04-2019
فەلاح نەجم
نیشانەکردن کۆچۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆی سەر بە شاری شنگال کۆتاییهات.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆی سەر بە شاری شنگال کۆتاییهاتووە، ئەمڕۆ کۆتا گۆڕ کە گۆڕی ژمارە 10 بوو، هەڵدرایەوە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان باسی لەوەشکرد، لە 11-4-2019ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ 10 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و رووفاتی 197 کەس دۆزراونەتەوە کە هەموویان کوردی ئێزدیین و تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 70 ساڵدایە.

بە گوتەی سیروان جەلال، ئەو 197 کەسە نێرن و دوو کەسیان لە لایەن چەکدارانی داعشەوە سەربڕدراون و ئەوانی دیکەیان بە گوللە کوژراون.

بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان باسی لەوەکرد، جیاکردنەوەی رووفاتەکان زۆر سەخت بووە، چونکە دوای داپۆشینی رووفاتەکان بە خۆڵ لە لایەن چەکدارانی داعشەوە دواتر بە شۆفڵ خۆڵەکە کوتراوەتەوە و هەربۆیەش هەموو روفاتەکان تێکەڵ بووبوون.

تیمی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی حکومەتی عێراق و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 11-4-2019 دەستیانکرد بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆ.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە