سەڵاحەدین دەمیرتاش بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت

رووداو - واشنتن

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە ، رۆژی پێنجشەممە 28-4-2016 بە سەردانێکی پێنج رۆژە بەرەو واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و بڕیارە لەگەڵ کریست کێنی، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە و چارلس کەپکان، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئەوروپا و مارک شاپیرۆی یاریدەدەری و ژمارەیەکی دیکە بەرپرسی ئەمریکا کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەمیرتاش و شاندی یاوەری، لە کۆبوونەوەکانیاندا باس لە بارودۆخی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکەن.

لە سەردانەکەیدا دەمیرتاش بەشداریی لە ژمارەیەک کۆڕ و کۆبوونەوەدا دەکات و لە کۆنفرانسی بەڕێوبەری خۆجێی و خۆسەری دیموکراتی گوتارێک پێشکەشدەکات. ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدەش لەرێگەی ئینتەرنێتەوە لە کۆنفرانسەکە گوتارێک پێشکەشدەکات.