رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی عێراق پێشبینی بارینی نمەباران لە رۆژانی جەژن دەکات، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت.
ئەمڕۆ هەینى 28ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان لە سبەی شەممەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەگەری بارینی نمەباران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەیە."
عامر جابری گوتی، "لە رۆژی یەکشەممەوە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێکی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێریش هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی شەممە، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دهكرێت له ئێوارەی رۆژی شەممە تاوەکو درەنگی شهوی یهكشەممە، شهپۆلێكی نمەبارانی بههارە و ههوره بروسكه ناوچهكانی ههرێمی کوردستان بگرێتهوه و به بڕی جیاواز باران ببارێت."
بە گوتەی محەممەد کەمال، لهرۆژی دووی مانگی داهاتووەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە، هەروەها خێرایی لە 27 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ