رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان، تەقەی خۆشی کرا و منداڵێک گیانی لەدەستدا؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە دەڵێت، تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا گیراوە.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 27-03-2025، لە ئاهەنگێکی بووكگواستنەوەدا لە خوڕەمئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەی خۆشی کرا و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ گیانی لەدەستدا و باوکیشی بریندار بوو.
محەممەد مەلەکشاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری خوڕەمئاوا رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بەسەر چەکەکەدا گرتووە و تەقەکەریش دەستگیرکراوە.
بەگوتەی محەممەد مەلەکشاهی، بە تاپڕ تەقە کراوە و ''شارەزانەبوونی تەقەکەر و لەدەستدانی کۆنترۆڵی چەک، رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە.''
لە بەشێکی ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەتی پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان، لەکاتی ئاهەنگ و بۆنەکاندا تەقەی خۆشی دەکرێت و زۆر جار رووداوی لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە گوتی: ''پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە کار بکەن ئەو کولتوورە لەنێو خەڵکدا نەمێنێت و رێوڕەسمی گونجاو بکرێنە جێگرەوەی کولتووری نەشیاو و تەقەی خۆشی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ