لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە کرماشان سێ کەس گیانیان لەدەستدا

28-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
یەکێک لە رووداوەکان شەوی چوارشەممە لەسەر رێگەی نێوان قەسری شیرین-سەرپێل زەهاو روویداوە و رووداوەکەی دیکەش نێوەڕۆی هەمان رۆژ لەسەر رێگەی نێوان پاوە-بایەنگان-بانەوەر بووە.
 
سیروس فەڵڵاحی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی قەسری شیرین رایگەیاند، شەوی چوارشەممە نزیکەی کاژێر 19:40 بە کاتی خۆجێی لەسەر رێگەی نێوان قەسری شیرین-سەرپێل زەهاو سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیجۆ پارس، سەمەند و نیسان پێکیاندادا و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلی سەمەند ئاگری گرت و بە تەواوی سووتا.
 
بە گوتەی فەڵڵاحی، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو، کە هەر سێیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلی جۆری سەمەند بوون.
 
لە لایەکی دیکەوە محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەسەر رێگەی نێوان پاوە-بایەنگان-بانەوەر لە باکووری رۆژئاوای ئەو پارێزگایە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری زانتیا وەرگەڕا و قوربانیی لێکەوتەوە.
 
بەگوتەی محەممەدباقر محەممەدی، لە رووداوەکەدا هاونیشتیمانییەک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
گوتیشی، بریندارانی رووداوەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی پاوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە