کوردستان
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆن: درێژکردنەوەکە بۆ ئەوەیە رێگە بدرێت زۆرترین لایەن و کەس بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کاژێر سێی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو درێژکرایەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، واتە تاوەکو 31ـی ئادار درێژبکاتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024 دوایین رۆژ بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران لەلایەن حیزب و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەبارەی بڕیارەکە بە رووداوی گوت "درێژکردنەوەکە بۆ ئەوەیە رێگە بدرێت زۆرترین لایەن و کەس بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، چونکە کۆمیسیۆن رژدە لەسەر پاراستنی مافی هەمووان وەکو یەک."
ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا تەنیا دوو هاوپەیمانیێتی و دوو حیزب و نزیکەی 50 کەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکێشکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی بەربژێرانی ئامادە نەکردووە بۆ ئەوەی پێشکێشی کۆمیسیۆنی بکات.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ