پارتی لیستی بەربژێرانی ئامادە نییە، رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرانی یەکێتی و هاوپەیمانیی کوردستان بڵاودەکاتەوە

28-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێشتا بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی نەبووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی لیستی بەربژێرانی بۆ کۆمیسیۆن ئامادە نەکردووە و دیار نییە ئەمڕۆ پێشکێشی دەکات یان نا، رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرانی چەند لایەن و هاوپەیمانیێتییەک بڵاودەکاتەوە.
 
بەرپرسێک لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کاژێر 12ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئادار، کە تەنیا سێ کاژێر بۆ تەواوبوونی وادەکەی کۆمیسیۆن بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران ماوە، لیستی ناوی بەربژێرانیان بۆ بەشداریکردن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەکردووە.
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی "لەو رۆژەوەی پارتی ئاماژەی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن کردووە، لیستی ناوەکانمان و کارەکانی تایبەت بە بەربژێرانمان لە سەرجەم لقەکان و بەشی هەڵبژاردن راگرتووە، بۆیە تاوەکو ئێستا، روون نییە لیستەکە ئەمڕۆ پێشکێش بە کۆمیسیۆن دەکرێت یان نا."
 
ئەمڕۆ، دوایین رۆژە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران لەلایەن حیزب و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی گوت  "سبەی (پێنجشەممە) یەکێتی ناوی بەربژێرانی رادەستی کۆمیسیۆن دەکات."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو،  یەکێتی نزیکەی 200 بەربژێری دەبێت، لیستەکەی یەکێتی چەندین ناوی تێدایە کە بەشێکیان بەرپرسی یەکێتین و بەشێکیان پەرلەمانتار بوون یان لە حکومەتدا پۆستیان هەیە.
 
لەنێو ئەو ناوانەی لە بەردەستی رووداودایە، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، کە سەرۆکی لیستی یەکێتی دەبێت لە هەولێر هەیە، هەروەها هەریەک لە لوقمان وەردی، شیرین یونس، شەمۆل ئاشتی، سەرکۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان هەیە.
 
جگە لەوەش ناوی فەیسەڵ کەریم خان لە بازنەی هەولێر هەیە، هەروەها بارزان  عوسمان، گوتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەڵەبجە بەربژێرە لە بازنەی هەڵەبجە، هاوکات د.ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار و د. یاد نەقشبەندی لە نەخۆشخانەی هیوا و ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی، لە بازنەی سلێمانی بەربژێرن.
 
لە بازنەی دهۆکیش ئاراس محەممەد ئاغا، لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی نەینەوای یەکێتی بەربژێرە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسییەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو هاوپەیمانیێتییانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، هاوپەیمانیێتییەکە لە پارتی سۆسیال دیموکرات، حیزبی شیوعی، حیزبی زەحمەتکێشان پێکدێت، سەرۆکایەتی لیستەکانی بەسەر لایەنەکانی بەمشێوەیە دابەشکردووە: 
 
1- پارێزگای هەولێر:
 سەرۆكی لیست، هیوا عومەر، حیزبی شیوعی.
 
2- پارێزگای سلێمانی:
 سەرۆكی لیست، ریبین محەممەد حاجی مەحموود، سۆسیال دیموکرات
 
3- پارێزگای دهۆك:
سەرۆكی لیست، سەگڤان محەمەد، زەحمەتكێشان
 
4- پارێزگای هەڵەبجە:
سەرۆكی لیست، نەوزاد عەبدولقادر، سۆسیالیست

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."