لە ئیلام هونەرمەندێکی کورد دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی نەورۆز دەستگیر کرا

28-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

محەممەد عەباس زادە هونەرمەندی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەی مەلەکشای ئیلام و گۆرانیگوتن لەو ئاهەنگەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
 
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئاداری 2024، لە چەندین ناوچەی سەر بە پارێزگای ئیلام وەک مەلەکشایی، کارزان و سیروان ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز سازکران و بە هەزاران هاونیشتیمانیی کورد تێیاندا بەشداربوون و دیمەنەکانی ئەو رێوڕەسمانە بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تەنیوە. 
 
بەپێی زانیارییە خۆجێییەکان، محەممەد عەباس زادە، هونەرمەندی خەڵکی ئیلام و تەمەن 35 ساڵ، رۆژی چوارشەممە دوای گەڕانەوە لە ئاهەنگی نەورۆز لە شۆهانی مەلەکشای لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.
 
تائێستا بەفەرمی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هونەرمەندە کوردە و تۆمەتەکانی نەزانراوە، لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگای ئیلامیش سەبارەت بە دەستگیرکردنی هونەرمەندەکە، هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
محەممەد عەباس زادە، بەهۆی سروودی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ پشتگیریکردن لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، 19-10-2022 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستگیر کرا و دواتر لەلایەن لقی 103ـی دادگەی تاوانەکانی ئیلام و لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیلامەوە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دادگەی پێداچوونەوە سزاکەی بۆ دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، دوو ساڵ قەدەخەکردنی چوونەدەرەوەی لە ئێران و پێبژاردنی بڕە پارەیەک گۆڕی.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە لە ساڵی 2023شدا بە هۆی ئەوەی لە بەرامبەر رووداوەکانی هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانەکان رەخنەی لە حکومەتی ئێران گرتبوو، لە لایەن دادگەی تاوانەکانی ئیلامەوە بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی 24 ملیۆن تمەن سزا درابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی لەگەڵ رەنج.

لەگەڵ رەنج؛ سۆمەرییەکان یان ئارییەکان کورد بوون؟

هەرچەندە دووربوون لەیەكتری، ئەو لە ستودیۆی هەولێر، ئەمیش لە ‏ئەشكەوتێكی نزیك سلێمانی لە(هەزارمێرد)، بەڵام لەسەر (مێژووی كورد ‌و ‏نەژاردەكەی) گفتوگۆیەكی گەرم لەنێوانیاندا دروست بوو، سۆران حەمەڕەش، ‏كە لە نێو ئەشكەوتەكەدا لەگەڵ ستافی بەرمامەكە ئامادەبوو بە هەموو ‏بڕوایەكیەوە، جەختی لەوە دەكردەوە، سۆمەرییەكان كورد بوون، تەنانەت ‏گەیشتە ئەوەی كە بڵێ‌ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو سۆمەرییەكان كورد ‏بوون، ئێمە بە هەموو شتێك سۆمەرین". ئەم بۆچوونەی نەك د. زرار كە ‏میوانی ئەم بەرنامەیە بوو، بەڵكو بەشێكی زۆری مێژوونووسانی كوردی ‏نیگەران كردووە.