رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەڵێت، نزیکەی 50 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرکووک بەهۆی نەبوونی بودجەوە راگیراون. نەبوونی ئەو پرۆژانە، ئاستەنگیی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە.
یەکێک لەو پڕۆژانەی کەرکووک کە زیاتر لە شەش مانگە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە، جووتسایدی گەڕەکی رەحیماوایە. پێشتریش بە نیوە ناچڵی کاری تێدا کراوە.
دووکاندار و خەڵکی سنوورەکە نیگەرانن و دەڵێن، چەند ساڵێکە بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکە کاری ئەوان پەکی کەوتووە.
سابیر رەحمان، دووکاندارە و دەڵێت، "پێنج مانگە پڕۆژەکە دواکەوتووە، هەر پێشتریش، ئەمە خۆی هەر پڕۆژە نەبوو، نازانم بۆ وایان لێکرد، زۆربەی دووکاندارەکان دایانخست. لەبەرئەوەی ئیشیان نییە. نۆ مانگ بە پڕۆژەیەکی ئەوها بچووکەوە خەریک بوون، هەموو دووکاندارەکان ئیشیان نەما."
محەممەد ئەحمەد، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت: "لەوەتەی ئەم پڕۆژەیە دواکەوتووە، دووکاندارەکان زۆربەیان دووکانەکانیان نەکردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر ئیش و کارمان."
ئیدارەی پارێزگای کەرکووک هۆشداری دەدات لەوەی نەگەیشتنی بودجە کاریگەریی لەسەر کارەکانیان هەبووە و تائێستا نزیکەی 50 پڕۆژەیان راوەستاون. داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەڵێت: "پێموایە پڕۆژەکانمان بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن، پارە ناردنەکەی کێشەیە لەم کاتەدا، پشتیوان بەخودا چارەسەر دەکرێ بەو پێشنیازەی سەرۆککوەزیران و وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی کردوویانە بۆ چارەسەری کێشەی پارە ناردن. لەم کاتەدا، نزیکەی 40 بۆ 50 پڕۆژە بەشێوەیەکی کاتی، نەک هەمیشەیی راگیراون."
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێن، حکومەتی عێراقیش لەوە تێگەیشتووە لە کەرکووک جیاکاری هەیە و پڕۆژەکان بەخراپی جێبەجێ دەکرێن، بۆیە پارە رەوانە ناکەن.
هۆکاری ئەو کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئیدارەی نوێ پێک نەهاتووە و بەغدا مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی بەوەکالەت ناکات.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "ماوەیەک لەمەوبەر ویستێک هەبوو بۆ ئەوەی بودجەی 2024 لە کەرکووک تێپەڕێندرێ، ئەندامانی ئەنجوومەن دەستبەکار نەبوونە، کەی دەستبەکاربوون لە دەسەڵاتی ئەوان دایە بودجەکە تێپەڕێندرێت و داوای پارە لە وەزارەتی دارایی بکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە پێدانی پڕۆژەکاندا بە بەڵێندەر لە ئیدارەی پارێزگا داوای بەرتیل و پشک دەکرێت، بەوەش کاریگەریی لەسەر کوالێتی پڕۆژەکان دەبێت لەقۆناخی جێبەجێکردنیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ