رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو سەبەتە خۆراکی مانگی رەمەزان لە هەولێر دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئاداری 2024، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بۆ رادیۆی رووداو دوا و رایگەیاند، هاتنی خۆراک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە.
باسی لەوەشکرد، لە ناوچە دوورەکان دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە [دووەم بەشەخۆراک] لە کۆیە، سۆران، بالیسان، تەقتەق، چۆمان دابەشکراوە.
لەبارەی دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک لە هەولێر، دلێر عەبدولواحید گوتی، "لەناو شاری هەولێریش دەستکراوە بە دابەشکردنی خۆراک و نزیکەی 70٪ی بەشەخۆراک دابەشکراوە و 30٪ ماوە، بەشێوەی رۆژانە دابەش دەکرێت".
سەبارەت بە سەبەتە خۆراکی مانگی رەمەزان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، "هەمووی گەیشتووە. لە ناوچە دوورەکان دەستکراوە بە دابەشکردنی و هەفتەی داهاتوو لە ناو هەولێریش دابەشی دەکەین".
رۆژی 10ـی ئادار، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکاری بۆ پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە لە رێگەی بریکارەکانەوە لە تەواوبووندایە و چوار مادەی خۆراکیی دیکەش دەخرێنە سەر بەشە خۆراکی مانگانە و بەو جۆرەش لە رەمەزاندا 11 مادەی خۆراکی دابەش دەکرێن.
بەشە خۆراکی مانگانە لە حەوت مادە پێکدێت کە بریتین لە ئارد، برنج، شەکر، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان؛ گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتیشی، "سێ مادەی دیکە زیاد دەکرێن کە بریتین لە ماکەرۆنی، نیشاستە و ئاردی سفر. هەروەها بۆ ئەو خێزانانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، جگە لە 11 مادەی خۆراک، چا و شیر و بڕێکی زیاتریش لە رۆنی شل و شەکریان پێدەدرێت. هاووڵاتی تەنیا 500 دینار بۆ هەر ئەندامێکی خێزان بە بریکاری خۆراک دەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ