وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی کردووە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی کردووە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە و پارەکەشی بخرێتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
 
ماوەی چوار رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق ئەو سکاڵایەی لە تورکیا بردەوە، کە داوای کردبوو چیدی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاگاداریی بەغدا لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نەفرۆشرێت.
 
رۆژی 25ـی ئەم مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق لە بەرژەوەندیی ئەمەی دوایی یەکلاییکردەوە و بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاریش پێبژاردنی بەسەردا سەپاند بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا، سکاڵاکەش لە ساڵی 2014ـەوە پێشکێشکرابوو و ماوەی چەند ساڵێکە چەند جارێک سڕکرابوو.
 
بڕیارەکە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، رۆژی یەکشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو پرسە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە. هەمان شاند ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی بەغدایان کردەوە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەستیکەوتوون، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوودا، وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق هەروەها بە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان گوتووە ئەو هەنگاوە وادەکات هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان بە سەرووی 75 دۆلار بفرۆشرێت واتە زیاتر لەو نرخەی کە هەرێمی کوردستان خۆی پێشتر دەیفرۆشت. 
 
سەبارەت بە پارەی فرۆشتنی نەوتەکەش، بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی بۆ شاندی هەرێمی کوردستان کردووە کە هەژمارێکی بانکیی نوێ بکەنەوە، یان هەر هەژمارێکی بانکی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەست نیشانی بکات بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتەکە.
 
رۆژی سێشەممە 28-3-2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دووبارە گەڕاونەتەوە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبنەوە تاوەکو وەڵامی ئەوە رێکار و میکانیزمە نوێیانەیان بدەنەوە کە خراونەتەڕوو.
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو پشتڕاستیکردەوە کە ئەو پێشنیازەیان بۆ شاندەکەی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
عاسم جیهاد گوتی، "یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوە بوو، کە لە هەناردەکردنى نەوتدا هاوئاهەنگى بکەین لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) دواتر پرسەکانى دیکە باس بکەین."
 
عاسم جیهاد باسی لەوەکرد، کە وەزارەتی نەوت رژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "یەکەم وەزارەتى نەوت بەپەرۆشە بۆ ئەوەى پەلە بکرێت لە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کە هەمان کاتدا حکومەتیش هەمان پەرۆشى هەیە."
 
هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان تەنیا زیانی بۆ هەرێمی کوردستان نییە کە رێژەی 78٪ـی داهاتەکانی دابین دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بێبەشکردنی عێراق لە بڕی 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ئۆپێک، جگە لەوەش کاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان دەبێت، ئەو کێشەیەی نێوان عێراق و تورکیا، ئەمریکاشی هێنایە سەر هێڵ.
 
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، داوایان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن لە رێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە. راشیگەیاند، "پەکخستنی هەناردەکردنی وزە، سوود بە هیچ لایەنێک ناگەیێنێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق پێیوایە، هەر دواکەوتنێک لەو پرسە زیانى دەبێت بۆ ئابوورى هەرێمى کوردستان و ئابوورى نیشتمانىی عێراق و بودجەى گشتى: "بۆیە بەدڵنیاییەوە گرنگترین شت ئەوەیە کە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
وەزیرى نەوتی عێراق بە گوتەی عاسم جیهاد، بە شاندەکەی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: با یەکەم جار بڕیارى دادگەى نێودەوڵەتى جێبەجێبکەن، ئەویش بە هەناردەکردنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە، داهاتە بەدەستهاتووەکانیش دەخرێنە هەژمارى هەرێمى کوردستانەوە.