وەزارەتی ئەوقاف: لە یەک ساڵدا 129 مزگەوتمان دروستکردوون

28-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو- هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا وەزارەتی ئەوقاف 129 مزگەوتی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە کە زۆرترینیان دەکەوێتە پارێزگای هەولێر.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا لە یەک ساڵدا واتا رەمەزانی پارساڵ بۆ ئەمساڵ 129 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، لەو ژمارەیە 56 مزگەوتیان لە پارێزگای هەولێر، 18 سلێمانی، 34 دهۆک، شەش هەڵەبجە، سێ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هەشت سۆران و چوار مزگەوتی لە زاخۆن. 
 
بە گشتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 400 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان زەوییان بۆ دابینکراوە و دروستکراون کە بەشێکیان هێشتا لە ژێر دروستکردنن. نەبەز ئیسماعیل گوتی: "وەزارەتی ئەوقاف ئەرکی دابینکردنی زەوی هەیە مزگەوتەکە وەکو هەیکەل و دروستکردن لەلایەن خێرخوازانەوە دەکرێت و دواتر وەزارەتی ئەوقاف سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابین دەکات، وێڕای نۆژەنکردنەوە لە کاتی پێویستدا."
 
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 820 مزگەوت هەن، لە سێ هەزار و 380 مزگەوتیان گوتاری هەینی پێشکەش دەکرێت. نەبەز ئیسماعیل دەڵێت: "دوو هەزار و 700 کەس وەک مامۆستا لای وەزارەتی ئەوقاف دامەزراون کە بەشێکیان بەشێوەی فەرمانبەری ھەمیشەیی و بەشێکیان گرێبەستن هاوکات هەزار مامۆستای خۆبەخشیشی هەیە، واتا بەراورد بە مزگەوتەکان ژمارەی دامەزراوەکان کەمترە."
 
لەبارەی میکانیزمی دانانی گوتارخوێن لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "لەڕێگەی تاقیکردنەوەیەکی زانستی و بەھاوئاهەنگیی پسپۆڕان گوتارخوێن لەمزگەوت دادەنرێن، مەرجی سەرەکیش ئەوەیە مۆڵەتی زانستیی مەلایەتی هەبێت یاخود دەرچووی یەکێک لە کۆلێژ و پەیمانگە ئیسلامییەکانی سەر بە حکومەت بێت."
 
ئەمساڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەیمانگەیەکی دامەزراند. نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، ئەمساڵ قۆناخی یەکەم لەو پەیمانگەیە وەرگیراون و دوای تەواوبوونی خوێندنەکانیان دەبنە گوتاربێژ. یاخود دەبێت ئەو کەسەی مۆڵەت وەردەگرێت دەرچووی حوجرەکانی فەقێیان بێت لەسەر دەستی مامۆستایەکی ناسراو مۆڵەتی پێدەدرێت کە ئەویش بەفەرمی لەلایەن وەزارەتەوە ناسێندراوە، یان دەرچووی کۆلێژی شەریعە."
 
"وەزارەتی ئەوقاف خاوەنی 100 بنکەی لەبەرکردنی قورئانە"
 
نەبەز ئیسماعیل لەبارەی بنکەکانی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، وەزات خاوەنی 100 بنکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزە و 130 حوجرەی فەقێیانی هەیە هاوکات ژمارەی قوتابخانە ئیسلامییەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف ئەوانەی لە پەروەردەوە گەڕانەوە سەر ئەوقاف 21 قوتابخانەن، ھەروەھا خاوەنی پەیمانگەی کوردستانە بۆ راھێنانی گوتارخوێنان کە بەراسپاردەی کۆنفرانسی رێکخستنی گوتاری ئایینی ساڵی 2016 دروستکراوە.
 
"هەر پارێزگایەک کاتی تایبەتی بانگی دەبێت"
 
لەبارەی رێکخستنەوەی کاتی بانگدان لە هەرێمی کوردستان گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا لێژنەیەکی پسپۆری شەرعزان و ئەکادیمی سەرقاڵی رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدانن لە ھەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی رێکارە شەرعییەکان ھەر پارێزگایەک کاتی تایبەتی بانگی دەبێت و سەرجەم مزگەوتەکان پێیەوە پابەند دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە