دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نیڤشکان لە وەزارەتی پەروەردە کاژێرێک کەمکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر داوای وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی دەوامی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نیڤشکان لە وەزارەتی پەروەردە.
 
بەپێی نووسراوێکی ژمارە 3298ی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە تێیدا هاتووە: لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت رەزامەندی درا لەسەر کەمکردنەوەی دەوامیان بۆ یەک کاژێر.
 
ئەو نووسراوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داوایەکی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە، کە 24-02-2022 ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە. 
 
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە نووسراوەکەدا داوای کردووە دەوامی فەرمانبەران و مامۆستایانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ماوەی کاژێرێک کەمبکرێنەوە، هاوکات مامۆستایانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەشە وانەکانیان بۆ کەمبکرێتەوە، ئەوەش بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە نیڤشکان. 
 
رۆژی سێشەممە 28-03-2023، ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: داوای وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر داوای خودی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆیان بووە و دوای ئاراستەکردنی داواکارییەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکراوە و لەمەودوا دەوامی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان ئەوانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، کاژێرێک کەمدەکرێتەوە.