ئاسۆ مامەند: یەکێتی ستۆپی بە پڕۆژەی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاسۆ مامەند، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند یەکێتی پڕۆژەی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستانی راگرت و دەڵێت: "ئەجێندایەک هەبوو کە غازی هەرێمی کوردستانیش بە نەوعێک لە نەوعەکان عەقد کرابوو بیبەن و بەرەو کوێ بڕوات، یەکێتی بڕیاری دا و گوتی ستۆپ ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئاداری 2022، ئاسۆ مامەند، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی  یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە گوتارێکدا کە لە "دیداری یەکێتی" لە کەرکووک پێشکێشی کرد، هێرشی تووندی کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئاسۆ مامەند، گوتی: "ئەم هەنگاوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەبەغدا خەڵکانێک پێیانوابوو یان چەند لایەنێک رێککەوتنیان کردبوو دەیانویست دەوری یەکێتی پەراوێزبخەن، دەبینن بەبێ یەکێتی پڕۆسەی سیاسی و هەنگاوەکان ناڕواتە پێشەوە، تەنانەت هەڤاڵان ئەم ستۆپەی یەکێتی لە پرسی نەوت کردی، تەنانەت بەرنامەیەک ئەجێندایەک هەبوو کە غازی هەرێمی کوردستانیش بە نەوعێک لە نەوعەکان عەقد کرابوو کە چۆن بیبەن و بەرەو کوێ بڕوات، یەکێتیبڕیاری دا و گوتی ستۆپ ئێمە ئەوە قبوڵی ناکەین".
 
قسەکانی ئاسۆ مامەند، لەکاتێکدان، کە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بەهۆی پۆستی سەرۆککۆمار و نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر پرس و رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، ساردیان تێکەوتووە.
 
ئاسۆ مامەند، لە دیداری یەکێتی لە کەرکووک، ئەمڕۆ 28ی ئادار گوتی: "ئەوانەی کە باسیان لە سەربەخۆیی نەوت دەکرد، ئێستاش دەبینین کۆمپانیای مەحەلی هەیە  43٪ی داهاتەکەی بۆ خۆی دەبات، دوێنێ پێری هەر لەم کۆمپانیایانەی هەمووتان دەزانن کە چەند ملیۆن دۆلاری داوەتە لایەنێک بۆ کڕینی کورسییەک دوو کورسی دەنگ بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر بکەن، ئەمە لەسەر حیسابی ئەو میللەتە و ئەو خەڵکە بووە، هەمووشتان دەزانن کە مەبەستم کێیە و چۆن بووە". 
 
قسەکانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی هێشتا هیچ کاردانەوە و وەڵامێکی لەلایەن پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەبووە. 
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی ئاداری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە لە دوبەی گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی هەناردەکردنی وزە بۆ جیهان.
 
مەسروور بارزانی گوتی: "ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا. من دڵنیام کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانی." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013دا رێککەوتنێکی بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام هێرشی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بووە هۆی ئەوەی کە کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست پەرەیان پێنەدرێت.
 
بەپێی خەملاندنی کۆمپانیاکان و رووپێوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی 200 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە، کە دەکاتە 3٪ـی یەدەگی گازی سرووشتیی جیهان.