لە ئێران کرێی تەکسی زیاد دەکرێت و بەشێک لە شۆفێرانیش ناڕازین

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی کرێی تەکسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێرەی 30% زیادیکردووە، لەلایەن سەندیکای شۆفێرانی تەکسیی ئێرانەوە بڕیارەکە دراوە و دوای راگەیاندن بە شارەوانییەکان دەبێ جێبەجێ بکرێت؛ بڕیارێک کە لەگەڵ رێژەی هەڵئاوسان لە ئێران کە سەرووی 40%، یەکناگرێتەوە.
 
بڕیارەکە ناڕەزایەتیی شۆفێرانی تەکسیی لێکەوتووەتەوە و پێیانوایە ئەو زیادکردنە خەرجیی خێزانەکان زیاد دەکات و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆش لە ژیانی ئەواندا ناکات.
 
شۆفێرانی تەکسی خۆیان بە چینێکی پشتگوێخراو دەزانن کە هیچ رێکخراو و دامودەزگایەکی حکومی نییە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بە پیشەکانیان، پاڵپشتییان بکات. ئەوان ئەو بەشە بەنزینەی کە حکومەت بە نرخی حکومیش دەیانداتێ، بە کەمی دەزانن.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیانیش زیادکردنی کرێی تەکسی و گواستنەوە بۆ هەموو ئێران بە یەک رادە بە گونجاوی نازانن و پێیانوایە دەبێت ئەو نرخە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان و بەپێی داهاتی دانیشتووانی شارەکان، دابینبکرێت.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 440 هەزار کەس لەڕێگەی شۆفێریی تەکسییەوە بژێویی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن و ساڵانە نرخی کرێی گواستنەوە لەنێوان 20% بۆ 30%، زیاد دەکرێت.