رووداو AFP
دوای چەند رۆژ لە رێپێوانە سەربازییەکەی گرووپی رەبعەڵڵا بە چەکەوە لە شەقامەکانی بەغدا، رۆژی 27-3-2021 هێزی دژەتیرۆر لە شەقامەکانی پایتەختی عێراق جێگیرکران.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پیشتر رایگەیاندبوو، رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە نمایشە سەربازییانە لە شەقامەکانی پایتەخت.
رۆژی 25-3-2021، کاروانێکی گرووپی رەبعوڵڵا بە شەقامەکانی بەغدا رۆیشتن و نمایشی هێزیان دژی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. گرووپەکە هۆشدارییان دایە هەندێک لایەنی سیاسی کە وەک خۆیان دەڵێن "بە ئەنقەست بودجە دوادەخەن و پەسندکردنی پەکدەخەن لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت". هەروەها هۆشدارییان دەدا لە پێدانی بەشە بودجە بە هەرێمی کوردستان.
بزووتنەوەی رەبعەڵڵا گروپێکی چەکداری شیعەمەزهەبی سەر بە حەشدی شەعبین، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە ئەوانە بەشێک بن لە حەشدی شەعبی. ئەو گروپە لە رابردوودا چەندین کردەوەیان ئەنجامداوە لەوانە: رۆژی شەممە 17/10/2020، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دوای ماوەیەک ئاڵای کوردستانیان داگرت و لەگەڵ بارەگاکە سووتاندیان.
هەروەها هەر ئەو گروپە لە 26/11/2020 لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا هەڵیانکوتایە سەر سەنتەرێکی مەساج و کۆمەڵێک کچیان بە لێدان و تێهەڵدان کردە دەرەوە و دواتر سەنتەرەکەیان سووتاند.