رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمشەو گەڕەکەکانی نیشتمان، راپەڕین، نەورۆز و ماردینی هەولێر دەبنە 24 کاژێری.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری لە رێگەی پڕۆژەی رووناکی، ئەمشەو وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی 24 کاژێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی نیشتمان، راپەڕین، نەورۆز و ماردین کە نزیکەی 14 هەزار هاوبەشی لەخۆگرتووە".
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەدەکات کە "ئەمەش دوای ئەوە هات پێشتر 13 گەڕەک بە 51 هەزار هاوبەش سوودمەند ببوون کە بریتین لە شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، رزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی و ڕاستی."
کۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تاوەکو ئێستا 17 گەڕەک و 65 هەزار هاوبەش و نزیکەی 250 هەزار هاونیشتمانی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 350 موەلیدە کوژێنراونەتەوە. هەفتەی داهاتووش لە گەڕەکی مەولەوی پارێزگای سلێمانی و لە دهۆکیش یەکەم قۆناخی پڕۆژەکە رادەگەیێندرێت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئامانج ئەوەیە کە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاژێری".
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، (پڕۆژەی رووناکی) راگەیاند.
پڕۆژەی رووناکی بەشێوەی پۆست پەیدە و جیاوازە لە پریپەید، بەو پێیەی پریپەید کڕینی بڕی کارەبایە بە شێوەی کارت، بەڵام لە پۆست پەیددا هەمان سیستمی کارەبای نیشتمانیی ئێستایە و مانگانە بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان، پارە دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ