رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، ئێستا نۆرەی تورکیایە هەنگاو بنێت.
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، ساڵح موسلیم لەبارەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند: "ئێستا نۆرەی تورکیایە، چ جۆرە هەنگاوێک دەنێن؟ وەک چۆن رێبەر هەموو بەرپرسیارێتییەکانی گرتە ئەستۆ، بەهەمانشێوە پێویستە تورکیاش بەرپرسیارێتی ئەم کارە لە ئەستۆ بگرێت."
ساڵح موسلیم رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆدەبنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پەیام و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
ساڵح موسلیم دەڵێت: "پەیامەکەی ئۆجەلان رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کرانەوەی سیاسەتی دیموکراسی، رێکخستنی ئازادی و دیپلۆماسی. ئەگەر ئازادییەکان پێشبکەون بەدڵنیاییەوە ئێمەش چەک وەلادەنێین. رێبەر ئۆجەلان ئەم پرسەی بۆ کۆنگرەی پەکەکە جێهێشت. ئەگەر کۆنگرە رێکخرا و پێویست بکات چەک دابنرێت، خۆشیان هەڵدەوەشێننەوە."
ئەندامی کۆنسەی (پەیەدە) سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی پرۆسەکە، گوتی: "ئێستا نۆرەی تورکیایە، چ جۆرە هەنگاوێک دەنێن، وەک چۆن رێبەر هەموو بەرپرسیارێتییەکانی گرتە ئەستۆ، بەهەمانشێوە پێویستە تورکیاش بەرپرسیارێتی ئەم کارە لە ئەستۆ بگرێت."
ئایا پەکەکە چەک دادەنێت یان نا؟ ساڵح موسلیم گوتی: "ئەم کارە هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت. پارتەکە بڕیار دەدات چەک دابنێت، ئەمە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە. هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەش دووبارە بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە. ئۆجەلان خۆی شانی خستە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە و داوای لە پەکەکە کردووە لە رێگەی کۆنگرە بڕیاری خۆیان بدەن. ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیاش هەنگاوی نوێ بنێت."
رۆژی پێنجشەممە، 27-02-2025، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلان لەلایەن ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە زمانی کوردی خوێندرایەوە. دواتر پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە زمانی تورکی خوێندەوە. دەم پارتی وێنەی نامە دەستییەکەی ئۆجەلانی بڵاوکردەوە کە بە زمانی تورکی نووسیبووی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ