کوڕی ئەو ئەفسەرەی لە هەولێر بە دووکەڵ خنکا، باسی رووداوەکە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر، ئەفسەرێکی زێرەڤانی بەڕێگەوە بوو بۆ ماڵ کاتێک هاوژینەکەی هەواڵی سووتانی ماڵەکەی پێگەیاند، تاوەکو بێتەوە و بیکوژێنێتەوە، بێ هەواڵ لەوەی ئەوە دەبێتە دوایین پەیوەندیان.
 
ئەمە، چیرۆکی کۆتاییهاتنی ژیانی فەرەیدوون سدیقی تەمەن 42 ساڵە، کە ئەفسەری هێزەکانی زێرەڤانی بوو و، ئەمڕۆ لەنێو دووکەڵی ئاگری ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی زیلانی هەولێر، گیانی لەدەستدا.
 
یادی کوڕە گەورەی فەرەیدوون، چیرۆکی ئاگرکەوتنەوەکەی بۆ رووداو باس کرد و گوتی "لەگەڵ برا بچووکەکەم یاریی تۆپ تۆپێنمان دەکرد، لەپڕ بۆنی دووکەڵ هات، ویستمان بە دایکمان بڵێین بۆنی دووکەڵ دێت، خەڵک لە دەرگایان دا و گوتیان ماڵەکەتان ئاگری گرتووە، تەلەفۆنمان بۆ باوکم کرد تاوەکو بێتەوە، هاتەوە و چووە ژوورەوە، دەیویست بە بەتانی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی بێتە دەرەوە." 
 
شێرزاد نادر، زاوای مووقەدەم فەرەیدوونە، بە رووداوی گوت "دراوسێکانی چووبوونە سەری تاوەکو هاوکاری بکەن، ئەوانیش نەیانتوانی بوو چونکە ئاگرەکە زۆر زۆر بوو، ئیتر قەدەری خوا، دووکەڵ چووبووە قوڕگی و گیانی لەدەستدا."
 
دراوسێکانی ماڵی مووقەدەم فەرەیدوون زۆر هەوڵیاندابوو ئاگرەکە بکوژێننەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانیش لە کەمتر لە 10 خولەک گەشتبوون، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، بەڵام دووکەڵی ئاگرەکە هەناسەی فەرەیدوونی بڕیبوو، تاوەکو گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
رەحمان عەبدوڵڵا، دراوسێی ماڵی فەرەیدوونە و بە رووداوی گوت "من، ئاگرکوژێنەوەشم برد تاوەکو ئاگرەکە بکوژێنمەو، بەڵام ئاگرەکە زۆر زۆر بوو و نەمتوانی بگەمە سەرەوە."
 
فەرەیدوون سدیق دەلۆیی خەڵکی کەرکووک بوو، پێشتر زیاتر لە 10 ساڵ لە پۆلیسی نەوت و گاز ئەفسەر بووە. ئەمڕۆ دوای گیانلەدەستدانی تەرمەکەی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاک سپێردرا.