سەرۆکی دەزگای مین: پاککردنەوەی هەرێمی کوردستان لە مین لە ئەستۆی عێراقە، بەڵام هاوکار نین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت، هێشتا 250 کیلۆمەتر چوار گۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان مینڕێژە و هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت تاوەکو چوار ساڵی دیکە بەتەواوی پاکیبکەنەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە مینڕێژکرابوو؛ بە درێژایی سنووری نێوان باشوور، رۆژهەڵات و باکووری کوردستان.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوای ساڵی 1992ـوەوە تائێستا توانراوە 526 کیلۆمەتر لە کۆی 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی لە مین پاکبکرێتەوە، بەڵام هێشتا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە ماوە پاکبکرێتەوە.
لەبارەی نەخشەی دابەشبوونی مین لە هەرێمی کوردستان و پیسبوونی خاکی باشووری کوردستان بە مین، جەبار مستەفا دەڵێت، "نەخشەی مینڕێژکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ تاوەکو خانەقین دەستپێدەکات، بەشێوەیەک رێژەی 60٪ـی زەوی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری گەرمیان و سلێمانی."
دەزگای گشتیی کاروباری مین ئەو شوێنانەی کێڵگەی مینی لێیە، رەنگڕێژ دەکەن و خەڵک ئاگاداردەکەنەوە لە مەترسیی بوونی مین.
هاونیشتمانیان لەکاتی رووداوێکی نەخوازراوی پەیوەست بە مین، یان هەر بینینی مین دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای کاروباری مینەوە بکەن بە ژمارە 182 کە سەرۆکی دەزگاکە دەڵێ "24 کاژێر بەردەستە" و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانەوە دەستبەجێ بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەشێكن لە پەیماننامەی ئۆتاوا 1997، بۆ قەدەخەکردن و گواستنەوە و بەکارهێنانی مینی دژەکەسی، بەگوێرەی ئەو پەیماننامەیە، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەبێت تاوەکو ساڵی 2028 هەموو ئەو خاکەی بە مین پیسکراوە، پاکبکرێتەوە.
جەبار مستەفا دەڵێت "عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێكن لە پەیماننامەی ئۆتاوا، پابەندییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییمان لەسەرە و دەبێت تاوەکو ساڵی 2028 هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکرێتەوە، هەروەها بەرپرسیاریێتی پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین، بە هەموو پێوەرێک لەسەر حکومەتی فیدراڵیی عێراقە، بەڵام ئەوان نەک هاوکاریمان ناکەن، بەڵکو هەندێکجار رێگرییان بۆ دروستکردووین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانماندا."
سەرۆکی دەزگای مین دەڵێت، لە ساڵی 1992ـوەوە تائێستا، 13 هەزار و 580 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی (گیانلەدەستدان و برینداربوون).
گوتیشی، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 23 کەس بوونەتە قوربانیی مین، کە ئامارەکە بەمشێوەیەیە؛ 10 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی دیکەش بریندار بوون.
خاکی هەرێمی کوردستان بە دوو جۆر مین، مینڕێژکراوە، مینی دژەتانک و مینی دژەکەسی. سەرۆکی دەزگای مین دەڵێت، ساڵی رابردوو، سێ هەزار 840 مینی دژەکەسی و نۆ مینی دژەتانک دۆزراونەتەوە، بەشێوەیەکی زانستی لەنێوبراون.
چەند هاونیشتمانییەک ساڵانێکە وەکو "پیشەگەری مین" لە رێکخراوەکانی تایبەت بە هەڵگرتنەوەی مین کاریان کردووە و دەڵێن، ئێمە زیاتر لە 25 ساڵە لەگەڵ رێکخراوی MAG کارمان کردووە، بەڵام ئێستا گرێبەستەکەمان کۆتایی هاتووە و داواکارین، حکومەت خانەنشینمان بکات.
جەبار مستەفا دەڵێ "ئێمە، وەکو دەزگای کاروباری مین، پرۆژەیاسایەکمان پێشکێشی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی کارمەندەکانی دەزگای مین و ئەو کەسانەشی لە رێکخراوەکان وەکو پیشەگەری مین کاریان کردووە هەموویان ماف و ئیمتیازاتیان پێبدرێت، کە ئەوان وەکو پیشەگەر خاکی کوردستانیان پاککردووەتەوە."
گوتشی "پڕۆژە پێشنیازکراوەکەی ئێمە زۆر بە کورتی داوامان کردووە، ئەوانەی بەهۆی کارکردنی هەڵگرتنەوەی مین چ کارمەندانی خۆمان یان ئەو کەسانەی لە رێکخراوەکان بوون و کەمئەندام بوون، وەکو پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر یان وەکو شەهیدی سەنگەر هەژمار بکرێن، ئەوانەشی بەساڵاچوون و ساڵانێکی زۆر کاریان کردووە، خانەشێن بکرێن. چاوەڕێین لە خولی داهاتووی پەرلەماندا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت."
پۆدکاستی بەرنامەی مژار: