کۆمیسیۆن دەڵێت هەڵبژاردنیش بکرێت پێڕاناگەن ئەنجامەکەی رابگەیێنن


رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، کۆمیسیۆن ئامادەیە لەنێوان پێنج بۆ 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات. 
 
بڕیارە رۆژێک دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، کۆمیسیۆن بۆ ماوەی 10 رۆژ دەستبکەن بە وەرگرتنی ناوی ئەو لیست و لایەنانەی دەیانەوێت بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
 
هیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئەو خشتە زەمەنییەی دانراوە، یەک لەدوای یەک ئامادەکراوە، بۆ نموونە، لە بابەتێک درەنگ بکەوی ئەوە دەچێتە سەر کاتی ئامادەکاریی بەشێکی دیکە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پرۆسەکە بەشێوەیەکی روون و باش بکرێت، ئەوا پێویستیمان بە کاتی پێویست هەیە، ئەو کاتەی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازکراوە، کاتێکی گونجاوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، تائێستا 38 حیزب و لایەن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناویان هەیە و دەتوانن بۆ بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو داواکاریی پێشکێش بکەن، لەنێویاندا حیزبێکی نوێ تۆمارکراوە بەناوی (بەرەی گەل)، ئەو حیزبەی لاهوور شێخ جەنگی دەیەوێت لە رێگەیەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات.
 
هەرچەندە کۆمیسیۆن دەڵێت ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هێشتا بەربەست لە بەردەم هەڵبژاردنەکەدا ماوە، چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، قسەی دیکەشیان کردووە.
 
بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئاشکرایکرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن راشکاوانە پێیان گوتوون بە هۆکاری ئەوەی لە 7-7-2024 وادەی یاساییان تەواو دەبێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت، بە مانگێک پێڕاناگەن ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکە رابگەیێنن، بۆیە پێویستە پەرلەمانی عێراق وادەکەیان بۆ درێژبکاتەوە.
 
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، "کۆمیسیۆن پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەکەی هەیە، ئەوە بابەتێکی گرنگە و پێویستە پەرلەمانی عێراق بیر لەوە بکاتەوە ماوەی کۆمیسیۆن درێژ بکاتەوە، ئەگەر نا کۆمیسیۆن هەڵبژاردنیش بکات و نەتوانی ئەنجامەکان بە فەرمی رابگەیێنێت، وەک ئەوە وایە هەڵبژاردن نەکرێت، لێرەشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیە رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، بەڵام وەک باسم کرد، پێویستە ئەو کێشەیە لەنێوان کۆمیسیۆن و پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت."
 
تاوەکو ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سێ جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردووە، بەڵام هەڵبژاردنەکە نەکراوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و دواکەوتنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بەهۆی سکاڵایەکی یەکێتی لەسەر بەشێک لە یاسای هەڵبژاردن.