رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، نزیکەی چوار ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن و نزیکەی سێ ملیۆن دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان کردووە. دەشڵێت، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق میوانی بوڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. باسی لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن و میکانیزمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و تۆماری دەنگدەران و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
"کۆمیسیۆن ئامادەیە"
جومانە غەلای گوتی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە 2023ـەوە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکانی لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی زانیاریی بایۆمەتری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کە لەدایکبووانی 2006 دەگرێتەوە."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا خشتەی کار و رۆژژمێری کۆمیسیۆن، پەیوەندیی بە دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکات، ئەگەر رۆژەکە دەستنیشان نەکرێت، ناتوانن رۆژژمێری کار و چالاکییەکان دیاری بکەن وەک قۆناخی تۆمارکردنی حیزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان، قۆناخی تۆماری بەربژێرەکان، چاپکردنی پسووڵەکان و چەندین رێکاری دیکە.
هەفتەی رابردوو سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی کوردستان کۆبوونەوە. بە گوتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن پێشنیازی کرد، رۆژانی 5-10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی بە وەزارەتی دارایی داوە بۆ پارەدارکردنی کۆمیسیۆن لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنیش لە رێگەی نووسراوێکەوە داواکاری و پێداویستییە داراییەکانی پێشکێشی وەزارەتی دارایی کرد و داوای نزیکەی 70 ملیار دیناری کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بودجەکە بەردەستە و دیسان بابەتەکە پەیوەندیدارە بە دەستنیشانکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان.
چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی کورسیی پەرلەمانی کوردستان
هەڵبژاردنەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە کراون، بەڵام رۆژی 21-02-2024 دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی یەکلاکردەوە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆمارکرابوو، یەک بازنەیی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە زیاتر لە بازنەیەک بکرێت و لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.
جومانە غەلای گوتی: "دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە گۆڕدرا. پێشتر هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، ئێستا کرایە چوار بازنە. بەمەش گۆڕانکاری لە کاری کۆمسیۆنیش کرا لە دابەشکردنی ژمارەی دەنگدەران بەسەر بازنەکان و دیاریکردنی حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان بۆ هەر بازنەیەک و تۆمارکردنی دەنگدەران بۆ هەر بازنەیەک. سەرباری ئەمەش، کۆمیسیۆن بەردەوام کار دەکات و لە کاتێکی دیاریکراودا کارەکانی جێبەجێ دەکات. ئەم کارە بۆ کۆمیسیۆن ئاسانە بەوپێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا 83 بازنەی هەڵبژاردن هەبوو."
دوای راگەیاندنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان، کۆمسیۆن دەست دەکات بە تۆمارکردنی لیستی حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و بەربژێرە حیزبی و سەربەخۆکان. لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 21 حیزب تۆمارکراون، هەروەها 17 حیزب لە فەرمانگەی پارتەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق تۆمار کراون. بەمەش 38 حیزب مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
بەڵام جومانە غەلای دەڵێت: "ئەو ژمارەیە کۆتایی نییە، رەنگە لە رۆژژمێری کاری کۆمیسیۆندا حیزب و لایەنی سیاسیی دیکەش خۆیان تۆمار بکەن. مەرجە حیزبە تۆمارکراوەکانیش فۆرمی داواکاری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان پڕبکەنەوە، هەر حیزبێکی تۆمارکراو ئەم فۆرمە پڕ نەکاتەوە مافی بەشداریکردنی نابێت."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستان، جومانە غەلای گوتی: "کۆمیسیۆن هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی، ناوخۆ، پلاندانان و بازرگانیی هەیە. پشت بە پسولەی خۆراک دەبەسترێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم دەنگدەران پسولەی خۆراکیان هەیە. بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ملیۆن دەنگدەرمان هەیە. لەم ژمارەیە نزیکەی سێ ملیۆن دەنگدەر تۆماری بایۆمەتری کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ