قوتابییانی سێ قوتابخانەی دیکەی بروجێرد ژەهراوی بوون

رووداو دیجیتاڵ

ژەهراویبوونی قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری بروجێردی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، رۆژی دووشەممە قوتابییانی سێ قوتابخانە لەو شارەدا ژەهراوی بوون. لە کاتێکدا پێشتریش قوتابی سێ قوتابخانەی دیکەی ژەهراوی ببوون. باس لە ژەهراویبوونی قوتابییان لە کرماشانیش دەکرێت.
 
بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، رۆژی 27ـی 2ـی 2023 قوتابییانی قوتابخانەکانی "ئینقلاب و شەرەف" لەنێو شاری بروجێرد، هەروەها قوتابییانی قوتابخانەی گوندی "هیمەت ئاباد"ـی سەر بە شاری بروجێرد ژەهراوی بوون.
 
لە هەفتەی رابردووشدا دەیان کەس لە قوتابییانی قوتابخانەکانی ئەحمەدییە، 15ـی خورداد و فریشتەگان ژەهراوی ببوون. 
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی 26ـی 2 ـی 2023، قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەرانی دوو قوتابخانەی سەرەتاییی کچان بەناوەکانی "یاسین" و "شەهیم" لە شاری کرماشان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوییەوە تەندروستییان تێکچووە.
 
ژەهراویبوونی قوتابییەکان، بەتایبەتی قوتابییانی کچ، بۆ نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کە لە شاری قووم دەستیپێکرد، دواتر قوتابخانەیەکی تارانیشی گرتەوە و بەرەو پارێزگای لوڕستان پەرەیسەند.
 
بەرپرسانی حکومی هێشتا هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونەکەیان رانەگەیاندووە، بەڵام دەڵین هەندێ سەرەداویان دەستکەوتووە.
 
یونس پەناهی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری توێژینەوە، رۆژی 26ـی 2ـی 2023 گوتی "قوتابییەکان بە ئەنقەست ژەهراویکراون و بۆ ئەو کارە ماددەیەکی کیمیایی بەکارهێنراوە"، هەروەها گوتی"هەندێک کەس دەیانویست هەموو قوتابخانەکان، بەتایبەت قوتابخانەکانی کچان، دابخرێن".
 
عەلیڕەزا مەنادی، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت: "ئەو ژەهرەی بەکارهێنراوە، ژەهرێکی سەربازی نییە کە مەترسیی زۆری هەبێت، بەڵام هەر ئەوەی کە ویستێک یان بیرۆکەیەکی خراپ لە پشت ئەم رووداوەوە بووە بۆ ئەوەی رێگری لە خوێندنی منداڵانی ئەم نیشتمانە، بەتایبەت کچە گوڵەکانمان، بکات، ئەمە مەترسییەکی گرنگە و هەواڵێکی زۆر خراپە".
 
سووتانەوەی لووت و قورگ، هەناسەتەنگی، رشانەوە، سەرئێشە و تا لە نیشانەکانی ژەهراویبوونەکەن.
 
رۆژنامەی هەم میهەن لە زاری دوو قوتابی قوتابخانەی 15ـی خوردادی بروجێردەوە بڵاوی کردەوە، شتێکیان وەک بۆمبێکی بچووک دۆزیوەتەوە، کە لە دەرەوەی حەوشەی قوتابخانەکە فڕێدراوەتە حەوشەی قوتابخانەکە و ماددەیەک لێیەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەمەش ژەهراوی کردوون.
 
مەجید نەعیمی، جێگری پارێزگاری لوڕستان، گوتی: شارەزایان لێکۆڵینەوەی ورد لە ژەهراویبوونی قوتابییە کچەکانی بروجێرد دەکەن و دواتر ئەنجامەکەی رادەگەیێنن.