وەزارەتی خوێندنی باڵا: ناوی 10 هەزار دەرچووی یەکەممان بۆ بەغدا ناردووە و چاوەڕوانی وەڵامین

28-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنی راژەی عێراق رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند مانگێکە ناوەکانیان بۆ نەناردوون. بەرپرسخوێندنی باڵا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ناوەکانیان ناردووە و چاوەڕوانی وەڵامی راژەی عێراقن.
 
لەبارەی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، رۆژی سێشەممە 28ـی شوباتی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا قسەیکرد و گوتی: "سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەم بانگهێشتکرد، ئەوان رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام زۆر راشکاوانە دەیڵێم ماوەی چەند مانگێکە وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتووەتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی پێمان بڵێن ئەوەندە خوێندکارمان هەیە لە ئەوەندە زانکۆدا؛ ناکرێت تۆ لێرە هەوڵبدەی پلەی دامەزراندن دیاری بکەیت و لەوێ وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوەکان نەنێرێت." 
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کورستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بابەتەکە بەوشێوەیە نییە، ئێمە کۆتایی ساڵی 2022 ناوی تەواوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانمان ناردووە بۆ بەغدا و چاوەڕوانی ئەنجوومەنی راژەی عێراقین." 
 
توانا نەجەف ئاماژەی بەوەشکرد، ناوی سەرجەم سێ یەکەمەکانی ساڵانی 2017 تاوەکو 2022ـی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ عێراق ناردووە، چاوەڕوانی ئەوەن لە بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقدا پارەیان بۆ تەرخانبکرێت و دابمەزرێن. 
 
یەکەمی زانکۆکانی هەرێمی کورستان ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار دەرچووی پێنج ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستانە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە