قایمقامی کەلار: ئەمساڵ 7500 یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێن

28-02-2023
ئەحمەد حەمید
دیمەنێکی گشتیی کەلار
دیمەنێکی گشتیی کەلار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی کەلار دەڵێت، لەمساڵدا 7500 یەکەی نیشتەجێبوون لە قەزاکە دروستدەکرێن و بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریش دەست بە دروستکردنی پێنج پڕۆژەی گەشتیاری لە تەنیشت رووباری سیروان دەکەن.

ئەمڕۆ 53 ساڵ بەسەر بە قەزابوونی کەلاردا تێدەپەڕێت کە لە ساڵی 1970 کراوەتە قەزا. کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و سێ ناحیە و نزیکەی 150 گوندی لەسەرە، رووبەری قەزاکە 1703 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
 
شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: کەلار ناوچەیەکی جوگرافیی گرنگی هەیە و ژمارەی دانیشتووانی بە ئاوارەکانی نیشتەجێی قەزاکەوە نزیکەی 300 هەزار کەسە، ئێستا تەنیا لە بواری نیشتەجێبوون نزیکەی 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە قۆناخی کۆتایی یان جێبەجێکردندان، لەمساڵدا 7500 یەکەی دیکەی نیشتەجێبوونی دیکە لە قەزای کەلار دروست دەکرێن.
 
لەبارەی گرانیی نرخی زەوی لە کەلار، قایمقامی قەزاکە دەڵێت: خواست لەسەر زەوی لە کەلار زۆرە و شارەکە لە گەشەسەندنێکی نائاساییدایە، ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە، بۆیە هیچ پارچە زەوییەکی 200 مەتری لە هیچ شوێنێكی کەلار نییە نرخەکەی لە 40 هەزار دۆلار کەمتربێت. 
 
قایمقامی کەلار گوتیشی: 45 پڕۆژەی دیکە لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵی، پیشەسازی، تەندروستی و پەروەردەیی هەبوون و بوونەتە هۆکاری بەرەوەپێشچوونی ئەو سێکتەرانە.
 
شەهاب ئەحمەد دەشڵێت: بە پێنج قۆناخ سەر رووباری سیروان دەکرێتە پرۆژەی گەشتیاری و کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە قەزاکە و پێنج کۆمپانیا پڕۆژەکانیان پێشکێشکردووە و بە درێژایی رووباری سیروان کە بە تەنیشت کەلاردا تێدەپەڕێت ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەکرێن.
 
باسی لەوەشکرد: جگە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لە سێکتەرەکانی دیکەش پڕۆژەی گەورە کراوە بە تایبەتی سێکتەری کشتوکاڵ، تەنیا لە سنووری کەلار 150 کارگەی گەورە، بچووک و مامناوەند هەیە.
 
لەبارەی داواکارییەکانی دانیشتووانی قەزاکەوە، شەهاب ئەحمەد گوتی: کەلار پێویستی بە پڕۆژەی دیکە هەیە و داواکارییەکانمان گەیاندووەتە حکومەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە