هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە رێککەوتن


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رێککەوتن. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەستی کەوتوون، هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 رێککەوتن و پشکی هەرێمی کوردستان 12.67٪ی بودجەی عێراق دەبێت. 
 
چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت و ئەگەر لەو سەرژمێرییەدا سەلمێندرا کە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 12.67٪ی زیاتری دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، ئەو کاتە پارەی کەمی ئەم چەند مانگە تاوەکو کاتی راگەیاندنی سەرژمێرییەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. 
 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حکومەتی عێراق حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەدات، دان بە فرۆشتنی یاساییانەی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەنێت و تەواوی یاساکانی دادگەی فیدراڵیی عێراقیش بەرامبەر هەرێمی کوردستان رادەگیرێن تاوەکو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە دەکرێت و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت و دەبێتە یاسا. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەژمارێکی بانکی دەکرێتەوە و مانگانە حکومەتی عێراق لەو رێگەیەوە پشکی هەرێمی کوردستان دەخاتە سەری و تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی مامەڵەکردن پێوەی هەیە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێت پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، وەک رادەستکردنی پارەی فرۆشراوی 250 هەزار بەرمیل نەوت، بۆئەوەی رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.