کۆمەڵەی کرێنشینان: نزیکەی 25٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کرێچین

28-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لەکۆی نزیکەی چوار هەزار و 400 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، بەشی زۆریان تەواوبوون. سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "رۆژ بە رۆژ رێژەی کرێنشینان لە هەڵکشاندایە و ئێستا نزیکەی 25٪ـی خەڵک کرێچین".

جووتیار قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەکاتی سلێمانی لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ساڵی 2003ـەوە پلانێکی درێژخایەنی هەبوو بۆ ئەوەی تاوەکو 2023، ساڵانە 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات بۆ کەسانی کەمدەرامەت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرا.
 
بەگوتەی جووتیار قادر، بەگوێرەی ئەو پلانەی هەبوون بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی هەزار یەکەیان تەواوبوون و دابەشکراون بەسەر کەمدەرامەتاندا لە سنووری سلێمانی، بەڵام هێشتا نزیکەی چوار هەزار و 400 یەکە تەواونەبوون و بەشێکی کەمی کارکردنیان تێدا ماوە یان خزمەتگوزارییان ماوە بۆ ئەوەی بدرێتە کەسانی کەمدەرامەت بە قیستی درێژخایەنی 25 ساڵ.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی گوتیشی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 4 هەزار و 400 یەکە هەن کە زۆرینەی کارەکانیان تەواوبوون و تەنیا رێژەیەکی کەمیان ماوە تەواو بکرێن، لەو ژمارەیە 3156 یەکەی لە ناوەندی سلێمانی و قەزای دووکانن.
 
بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی کرێنشینان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 250 هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن، کە نزیکەی 25٪ـی دانیشتووان دەکات.
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان: "لە هەرێمی کوردستان ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون کە دروستکراون هیچ سوودێکی بە خەڵکی کەمدەرامەت نەگەیاندووە و زەوییەکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا بەهەدەر دراوە و خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت سوودیان لێی نەبینیوە."
 
بەرهەم قەرەداخی گوتیشی: "ئەو یەکانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کەمدەرامەتان دروستی دەکات، زۆر گرنگن چونکە بەبێ پێشەکی دەدرێتە کەمدەرامەتان، بۆیە گرنگە حکومەت ئەو یەکانەی ماون بە زوویی بودجەی بۆ تەرخان بکات بۆ تەواوکردن و دابەشکردنی، چونکە بەشێک لەو پرۆژانە تەواوبوون و لە 2011ـەوە رادەستی حکومەت کراون تەنیا خزمەتگوزارییەکانی ماوە."
 
جووتیار قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خزمەتگوزاریی ئەو یەکانەی تەواوکراون لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ نزیکەی 125 ملیار دیناریان پێویستە، یەکەکانی سیتەک و زڕگوێز تەنیا خزمەتگوزارییان ماوە و پێویستیان بە 33 ملیار دینارە بۆ ئەوەی دابەشبکرێن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان باس لەوە دەکات، ئێستا رێژەی کرێنشینان لە سلێمانی سەرووی 25٪ـە، "چونکە حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لەلایەک و هاتنی نزیکەی ملیۆنێک و 32 هەزار ئاوارەی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 22٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات، وایکردووە رێژەی کرێچی زیادببێت."
 
بەرهەم قەرەداخی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو یەکانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستکراون، نزیکەی 4 هەزار و 400 یەکەن کە سێ هەزار و 156 یەکەی لە ناوەندی سلێمانی و دووکانن، بە جۆرێک ناحیەی سیتەک: 503 یەکە، زڕگوێز: 907 یەکە، کەڵەوانان لە سلێمانی، نزیکەی 1560 یەکە، بەشی زۆریان تەواوبوون و تەنیا خزمەتگوزارییان ماوە بۆ ئەوەی دابەشبکرێن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت: "ئەو یەکانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستیکردوون، لە سلێمانی 100٪ تەواوبوون، بەڵام لە هەولێر 80٪ـی تەواونەکراوە و لە دهۆک هێشتا بەردی بناخەی دانەنراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە