مستەفا چاوڕەش: پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکخستنەوەی پێشمەرگەدا کێشەیان نییە

28-02-2023
هیدایەت جان
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی؛ کۆبوونەوەی حیزبەکەی و پارتی بۆ بابەتی هەڵبژاردن بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناودەبات و لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەش دەڵێت، ئەو دوو حیزبە "کێشەیان لەسەر بابەتی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە".
 
رۆژی سێشەممە، 28-02-2023، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان بە بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن هەنگاوێکی پیرۆزە و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین کۆبوونەوەکان ئەنجامیان هەبێت".
 
مستەفا چاوڕەش دەڵێت: "ئەگەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی یەکگرتوو نەبن، زیان بە خەڵکەکەمان دەگات؛ بۆیە هیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجامی هەبێت و بەردەوام بێت؛ هاوکات هەموو ئەو هێز و لایەنانەش کە لە هەرێمی کوردستانن، رۆڵی باشیان لەم پەیوەندییەدا هەبێت".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: "خەڵک گلەییمان لێدەکەن کە بۆچی یەکێتی و پارتی یەکگرتوو نین؟ پێویستە ئەندامانی سەرکردایەتیی هەردوولامان هەست بەوە بکەن کە خەڵک دەیەوێ یەکڕیز بین و هەست بەوە بکەین کە ئێمە هێشتا کێشەکانمان لەگەڵ عێراق و دراوسێکانمان کۆتاییان نەهاتووە؛ بۆیە هیوام وایە سەرکردایەتیی هەردوولا بەیەکەوە دابنیشن و بگەنە رێککەوتن".
 
لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخراون و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
 
مستەفا چاوڕەش دووپاتیدەکاتەوە: "ئێمە کێشەی زۆرمان لەگەڵ بەغدا هەیە و پێویستە بە یەک شاند بچین بۆ چارەسەری کێشەکان. لە ماوەی رابردوودا رۆژنامەی سەباح باسی لە هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان کرد. ئەو تێڕوانینە لای زۆربەی عێراقییەکان هەیە و رەنگە سبەی ئەو پرسە بگوازنەوە پەرلەمانیش؛ بۆیە پێویستە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەدا کورد یەکڕیز و یەکگرتووبێت".
 
مستەفا چاوڕەش پێیوایە، پارتی و یەکێتی کێشەیان لەگەڵ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە نییە و رایدەگەیێنێت: "تاوەکو ئێستاش کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە یەکخستنەوەی هێزەکان بەردەوامە و هاوپەیمانانیش بۆ ئەم مەبەستە پاڵپشتمانن و یەکگرتنەوەی هێزەکان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش چووە"
 
زیاتر روونیدەکاتەوە: "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا پێنج هەزار و 500 هێزی پشتیوانیمان خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی 16 و 17 و 21 و 22مان بە هەمان شێوە خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لە رابردووشدا بە بڕیاری خۆمان وەزارەتی پێشمەرگەمان دامەزراندووە؛ بۆیە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لای ئێمە بنەمای نەگۆڕە".
 
بە گوتەی مستەفا چاوڕەش، هێزی هاوپەیمانان تاوەکو ئێستا ئەو هێزانەی چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە راهێنانی پێکردوون و پڕچەکی کردوون و گوتی: "ئێستاش خەریکین بە هاوکاریی هاوپەیمانان دوو فیرقە دروستدەکەین کە هەردووکیان هێزی وەزارەتی پێشمەرگە دەبن".
 
لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن، وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە