دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لەسەر چوار مادەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی دەزگا و کۆمیتەی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەردوولا دەڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر زۆربەی خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "لەسەر ئەوە رێککەوتین هەڵبژاردنی پەرلەمان بە سیستمی چوار بازنەیی بەڕێوەبچێت".
رۆژی سێشەممە 28-02-2023، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
زانا مەلا خالید رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بارەگای بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پێشوازیمان لە شاندێکی باڵای دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەکانی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین و لەسەر خاڵە ناکۆکەکانی نێوانمان کە لە دوو ساڵی رابردوودا لە گفتوگۆی فراکسیۆنەکانمان لە پەرلەمان نەگەیشتووینەتە ئەنجام، لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "لەپێناو ئەوەی لە ساڵی 2023دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، هەردوولا هاوڕابووین کە بابەتی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ناچاریی بووە و هاوڕاین لەسەر ئەوەی پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن کە لە دەقی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دیاریکراوە، ئەنجامبدرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە ماوەی رابردوو لەسەر بابەتی بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و شێوازی هەڵبژاردن ناکۆکیمان هەبوو، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردنی تێر و تەسەل لەسەر زۆربەی هەرە زۆری خاڵەکان رێککەوتین و لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان دروستکردووە".
بە گوتەی زانا مەلا خالید: "چەند خاڵێکی کەم ماوە کە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لەبارەیان کۆدەبینەوە. بۆ رەچاوکردنی را و سەرنج و راوێژکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش، بڕیارماندا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆببینەوە".
هاوکات لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیستمانیی کوردستان رایگەیاند: "دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ئێمە کۆمەڵێک گرفت و کێشەی دیکەمان هەیە لەسەر ئیدارەدان و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پرسی هەڵبژاردن بابەتێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە چارەنووس و ئاییندەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە پێمان باشبوو لەسەر ئەم پرسە هەردوو مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی کۆببینەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن".
لوقمان وەردی دەڵێت: "گفتوگۆی چڕمان لەسەر کۆی خاڵەکان کرد و لەسەر زۆربەیان لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەبوو، بەگشتی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو، بەڵام لەبەرئەوەی پرسەکە نیشتمانییە و پەیوەندیدارە بە هێزە سیاسییەکانی دیکە و هەموو خەڵکی کوردستان، بڕیاردرا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەش راوێژ بکەین بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمان بگەین بە رێککەوتنی کۆتایی".
لەبارەی ئەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەدا لەسەری رێککەوتن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەیدا: "لەسەر بابەتەکانی سیستمی چوار بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری و داتاکانی حکومەتی عێراق بۆ دابەشکردنی کوردسییەکان بەسەر بازنەکاندا رێککەوتین".
لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان (کۆتا) کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، لوقمان وەردی گوتی: "هەردوولامان هاوڕاین کە یەکێک لە لایەنە درەوشاوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکانە و ئەو 11 کورسییە مافی خۆیانە، بەڵام تێڕوانینی جیاواز هەیە لەسەر دابەشکردنیان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا و لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە راوێژ لەگەڵ پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دەچینە نێو وردەکارییەکانی ئەم بابەتە".
هەر سەبارەت بە پرسی کۆتاکان، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "نابێ ئێمە وەکو لایەنە سیاسییەکان ئیرادەی خۆمان بەسەر پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستاندا بسەپێنین، ئەگەر جیاوازیشمان هەبێت لە بۆچوونەکانماندا، دەگەڕێینەوە بۆ ئیرادەی پێکهاتەکان بۆ ئەوەی بزانین خۆیان چ شتێک لە بەرژەوەندی خۆیان دەبینن و ئینجا بڕیاری لەسەر دەدەین، ئەوەش ماوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو".