رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمەساڵح دەڵێت، لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە بڕیاری دابوو دەست لە کار بکێشێتەوە، بەڵام لەبەر خاتری هاوڕێکانی لە پەرلەمان مایەوە. دەشڵیت، ئەگەر پەرلەمانیش دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند نەکات، ناگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ پیشەی پێشتری خۆی، کە مامۆستا بووە.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "پێشتر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم لە کاری پەرلەمانی دابوو، بەڵام لەو کاتەدا هەڵمەتێکی سیاسی و میدیایی هەبوو لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران هەربۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکێش نەکرد، بەڵام ئێستا هەڵمەتەکە نەماوە و پێموایە کە شوێنی من پەرلەمان نییە."
سەبارەت بە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی، ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "خۆم بە شایستەی مووچەی خانەنشینی نازانم، هەربۆیە رەتم کردووەتەوە."
لەبارەی کاری داهاتوویەوە، عەلی حەمەساڵح ئەوەی خستەڕوو، "دوای پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەم دەگەڕێمەوە بۆ کاری پێشتری خۆم کە راژەکەم لەسەر وەزارەتی پەروەردە بوو."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند بکات یاخود نا، ئەو بڕیاری کۆتایی داوە و ناگەڕێتەوە. ئاشکراشی دەکات، چەند جارێک سەرۆکی پەرلەمان هەوڵیداوە لە دەستلەکارکێشانەوە پاشگەزی بکاتەوە، بەڵام پاشگەز نابێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 26-02-2023 عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان داوای لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد، دەستلەکارکێشانەوەکەی بخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەویش پێی راگەیاندووە، لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەیخاتە بەرنامەی کارەوە.
لەوبارەیەوە، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە کارنامەی دانیشتنی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی کوردستاندا هەموو ئەو دەستلەکارکێشانەوانە دەخرێنە دەنگدانەوە کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراون. گوتیشی، "دەستلەکارکێشانەوەکەی عەلی حەمەساڵحم ناردووە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ