هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵن

29-02-2020
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
هەرێمی کوردستان هاتنی گەشتیارانی لە هەندێک وڵات قەدەخەکردووە
هەرێمی کوردستان هاتنی گەشتیارانی لە هەندێک وڵات قەدەخەکردووە
نیشانەکردن کۆرۆنا گەشتیاری
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هاتنی گەشیاران بگەیێنێتە سفر، ئەویش وەکو هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدا پێشتر هەوڵی دەدا رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیادبکات.
 
بڕیارەکەی حکومەت هۆتێل و مۆتێلەکانی چۆڵکردووە. ئەو 200 کۆمپانیا گەشتیارییەش کە پێشتر لە عێراقەوە گەشتیاریان هێناوەتە کوردستان، ئاگادارکراونەتەوە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.
 
زۆربەی هۆتێلەکان چۆڵن، چونکە هاتنی گرووپە گەشتیارییەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و ئێران بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراوە.
تیمەکانی تەندروستی بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا رێنمایی بە بەڕێوەبەرانی هۆتێلەکان دەدەن.
 
تەنیا لە هۆتێلێکدا لە هەولێر هەفتەی رابردوو نزیکەی 50 ژوور لەلایەن گەشتیارانی عێراقی و ئێرانییەوە گیرابوون، بەڵام هەڵیانوەشاندوونەتەوە و رێگە بە هاتنیان نادرێت. 
 
بەدرخان ئەنوەر، بەڕێوەبەری هۆتێلی سیڤەر لە هەولێر دەڵێت، "پێشانگەی نێودەوڵەتی کرایەوە و هەموو میواندارییەکانمان هەڵوەشێنرانەوە. پێش ئەم دۆخە، بە تێکڕایی 30 تاوەکو 40 ژوورمان دەگیران، بەڵام ئێستا هەموویان چۆڵن. هەر خۆیشمان لەبەر بارودۆخی کوردستان میوان وەرناگرین".
 
بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە کۆرۆنا ،حکومەت گەشتکردن و هاتنی گەشتیاری لە هەریەک لە وڵاتانی چین، ئێران، کۆریای باشوور، ژاپۆن، تایلەند، سەنگاپوور و ئیتاڵیا قەدەخەکردووە.
 
ئیستا 80%ی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان عێراقین و 20%ـیشیان بیانین.
 
200 گروپی گەشتیاریی ناوەراست و باشووری عێراق لە هەرێمی کوردستانن کە پێش دەستپێکردنی رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
لە هەرێمی کوردستان 625 هۆتێل، 360 مۆتێل، 90 گوندی گەشتیاری و هەزار و 850 رێستۆرانت هەن.
 
کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان و تەندروستیی گەشتیاران بە خاڵی یەکەم و سەرەکیی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە کۆرۆنا دادەندرێت.
 
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاردراوە بە راگرتنی گرووپە گەشتیارییەکانی ئێران و ناوەڕاست و باشووری عێراق. لەگەڵ ئێران هەموو شتێک راگیراوە. ئەو گرووپانەیشی لێرەن، پێش بڕیارەکە هاتوون و ئێستا دەگەڕێنەوە".
 
هەرێمی کوردستان دەیەوێت گەشتوگوزار بکاتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات و بەردەوام ئاسانکاری بۆ هاتنی گرووپە گەشتیارییەکان کردووە، بەڵام ئێستا بەرنامەکانیان پێچەوانە کردووەتەوە تاوەکو نەمانی مەترسییەکانی کۆرۆنا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە