سێ لایەنە ئیسلامییەکە نەخشەڕێگەیەک بۆ كاری هاوبه‌ش ئامادە دەکەن

28-02-2017
حەکیم داود
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای کۆبوونەوەی لووتکەی نێوانیان، سێ لایەنە ئیسلامییەکەی باشوور کوردستان نەخشەڕێگەیەک بۆ  كاری هاوبه‌ش ئامادە دەکەن.

رۆژی سێشه‌ممه‌ 28-2-2017 ده‌سته‌ی باڵای كاری هاوبه‌شی ئیسلامییەکان له‌باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ و عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سه‌ره‌تا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه ‌و عێراق و كوردستان كراوە و ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانیشی شیكرده‌وه‌.

راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ده‌سته‌ی باڵای كاری هاوبه‌شی ئیسلامییەکان لە سێ خاڵ پێکهاتووە::

1. كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر باری ناهه‌مواری بژێوی هاووڵاتیوانی كوردستان راوه‌ستا و، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ حكومه‌ت به‌زووترین كات پێداچوونه‌وه‌ بكات به‌ بڕیاری ناڕه‌وای پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و به‌ڵێنه‌كانی بۆ مووچەخۆران جێبه‌جێبكات، دواخستنی هیچ پاساوێكی نییه‌ لەكاتێكدا نرخی نه‌وت به‌رزبووەته‌وه‌ و داهاته‌كانیش زیادبوون.

2. كۆبوونه‌وه‌كه‌ داوایكرد،‌ هه‌رچی زووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و گیانی به‌رپرسیارانه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی راشكاوانه‌ی راسته‌وخۆی نێوانیان ئه‌نجامبده‌ن و پێكه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگەیه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان دابنێن، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنی 2013 وه‌ك ده‌نگ و ئیراده‌ی خه‌ڵك رێز لێبگیرێ و هیچ لایه‌ك په‌راوێزنه‌خرێت، ئه‌م قۆناخه‌ تاوەکو هه‌ڵبژاردنی داهاتوو پێكه‌وه‌ تێپه‌ڕێنین.

3. پرسی گرنگی سه‌ربه‌خۆیی و پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی و دوو پرسی گرنگ و چاره‌نووسساز و ریشه‌یین. پێویسته‌ هه‌ردوو پرسه‌كه‌ به‌هاوسه‌نگی و هاوته‌ریبی كاری له‌سه‌ر بكرێت و هیچ پرسێك له‌سه‌ر حسابی پرسه‌كه‌ی تر په‌راوێز نه‌خرێت و هه‌لومه‌رج و فرسه‌ته‌ ره‌خساوه‌كان به‌هیچ پاساوێك له‌ده‌ست نه‌درێن.

لە کۆۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "ره‌شنووسی نه‌خشه‌ڕێگەیه‌كی ئاماده‌كرد وه‌ك پرۆژه‌ی كاری هاوبه‌شی ئیسلامییه‌كان له‌ كوردستاندا و بڕیاری پێویستی وه‌رگرت له‌مه‌ڕ دیداری ئیسلامییه‌كانی كوردستان كه‌ له‌ نزیكترین كاتی گونجاودا ئه‌نجامده‌درێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە