بەوێنە.. هێرشێكی داعش بۆسەر ئەبوغرێب تێكشكێندرا

رووداو- بەغدا

چەكدارانی داعش هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارۆچكەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا و، هەروەها بەچڕی بارەگای لیوای 22ی سوپای عێراقیان بۆردوومانكرد، بەڵام هێرشەكەیان تێكشكێندرا.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق قەدەخەی هاتووچۆیان لە ئەبوغرێب راگەیاند و  هێزی پشتیوانییان رەوانەی شارۆچكەكە كرد، خەڵکی دەوروبەری سایلۆی خان زاڕی-یش لەترسی داعش هەڵاتن و ماڵەکانیان جێهێشت.

بەپێی زانیارییەكان چەكدارانی داعش بۆ ماوەیەك سایلۆی خان زاڕی-یان كۆنترۆڵكردووە، بەڵام دواتر شكستیان پێهێندراوە. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كۆمەڵێك كەس بە بارمتە گیرابن، بەڵام ئەو زانیارییە رەتكرایەوە.

حاكم زاملی، سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "شەوی رابردوو كۆمەڵێك چەكداری داعش دزەیان كردە نێو شارۆچكەی ئەبوغرێب و هەڵیانكوتایە سەر هێزە ئەمنییەكان و هەوڵیاندا سایلۆی شارۆچكەكە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان بە تووندی بەرپەرچیان درایەوە و تێكشكێندران و زیانێكی زۆریشیان پێگەیاندن".

فەرماندە ئەمنییەكانی عێراق هەروەها دەڵێن بە ئامانجی سووككردنی گوشاری هێزە ئەمنییەكان لەبەرەكانی شەڕ، رێكخراوی داعش پەنا بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و هێرشی خۆكوژی دەبات.











زانیاری زۆرتر...