گیانلەدەستدانی قوتابییەک لە چۆمان دەنگی ناڕەزایی خانەوادەکەی لە کەرتی پەروەردە بەرزدەکاتەوە

28-01-2025
ئەندام جەبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێک بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی قوتابخانەکەی لە چۆمان، دەنگی ناڕەزایی خانەوادەکەی و کەسوکاری قوتابییانی بەرزکردووەتەوە و، داوا دەکەن "زیاتر خەم لە کەرتی پەروەردە لە سنوورەکەیان بخورێت."
 
مێرمنداڵەکە ناوی محەممەد هاوڕێ بوو، تەمەنی 16 ساڵ بوو. ئەو، قوتابیی قۆناخی 10ـی زانستی بوو لە قوتابخانەی دواناوەندیی زانستیی چۆمان کە دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە. 
 
رووداوەکە، کاژێر 01:30ـی دوێنێ (دووشەممە، 27-1-2025) روویدا. محەممەد بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ چۆمان بەسواری ماتۆڕسکیلەکەیەوە بە خێراییەکی زۆر لە دەروازەی چۆمان، خۆی بە ستوونێکی کارەبادا کێشا، دواتر کەوتە نێو رووباری چۆمان، کە بە تەنیشت رێگەکەدا درێژدەبێتەوە.
 
رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 01:46 خولەک، بەرگریی شارستانیی چۆمان لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و، بە دوو خولەک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە ''کە تیمەکان گەیشتن؛ تەرمی قوتابییەکە لەلایەن هاووڵاتیێکەوە لە رووبار دەرهێندرابوو و گەیاندبوویە نەخۆشخانە، تیمەکانمان ماتۆڕسکیلەکەیان لە رووبارەکە دەرهێنا.''
 
کەسوکاری قوتابییەکە دەڵێن، کوڕەکەیان ''قوربانیی کەمتەرخەمیی پەروەردەیە'' 
 
عەبدولرەحمان تەها، مامی محەممەد لەبارەی گیانلەدەستدانی برازاکەیەوە دەڵێ لە سەنتەری چۆمان قوتابخانەی زانستی نییە و "ئەو قوتابخانەیەی کوڕەکەمان تێیدا دەیخوێند، دەکەوێتە دەرەوەی سەنتەری قەزا، راستە پاس دابین کراوە بۆ هاتن و چوونی قوتابییان، بەڵام پاسەکە کۆنە و رۆژێک کار دەکات، دوو رۆژ کارناکات، لە ناچاری دا کوڕەکەمان ماتۆڕسکیلی کڕی و بەو هاتووچۆی قوتابخانەی دەکرد."
 
کەسوکاری محەممەد لەسەر گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بەو رووداوە، سکاڵایان تۆمار نەکردووە، بەڵام عەبدولرەحمانی مامی دەڵێ "محەممەد قوربانیی کەمتەرخەمیی پەروەردەیە. سنوورەکەمان لە رووی پەروەردەوە پێویستیی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاترە؛ با قوتابیی دیکە وەکو رۆڵەی ئێمە نەبنە قوربانی." 
 
لەبەرامبەردا ئاکارا ئیلیشا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، لەبارەی گیانلەدەستدانی قوتابییەکە بە رووداوی گوت، "لەگەڵ ئەوەی قوتابخانە لە سەنتەری قەزا دوور نییە، بەڵام لەسەر ئەرکی پەروەردە، پاس دابینکراوە کە هاتن و چوون بە قوتابیان بکات و ئەو قوتابییە بە ویستی خۆی ویستوویەتی بە ماتۆڕسکیل بچێتە قوتابخانە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دەوامی قوتابخانەکە لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تەواو دەبێت و جیاوازی کاتی رووداوەکە لەگەڵ تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەکە، یەک کاژێر و 15 خولەکە.
 
رووداوەکە لە سۆشیاڵ میدیا باس و خواسی دروست کردووە، قوتابییان و کەسوکاری قوتابییەکانی قوتابخانەکە گلەیی ئەوە دەکەن رێگەکەی قوتابخانەکە بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا مەترسیدارە، چونکە دەیبەستێ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە