رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە داڕشتنی رێڕەوی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان هیچ راوێژێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکراوە. گوتیشی: "رێڕەوی پرۆژەکە بە شوێنێکدا براوە کە نزیک دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەرەو رۆژئاوای رووباری دیجلە براوە، ئەم ناوچەیەش دانیشتوویەکی کەمی لێیە و کارگە و بازرگانیی گەورەشی لێ نییە."
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم رێڕەوەدا هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە، بەمجۆرەش بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان هیچ سوودێک لەم پرۆژەیە نابینێ."
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت: "چەندجارێک داوامان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ پێداچوونەوە بۆ رێگەی گەشەپێدان بکرێت و رێڕەوەکەی بەجۆرێک بێت هەرێمی کوردستانیش ببێتە بەشێک لەم پرۆژە گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە گرنگە و رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئابووری لە عێراق دا، بەڵام بەداخەوە وەڵامێکی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە."
بە گوتەی دانا عەبدولکەریم، ئەگەر ئەم پرۆژە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبووبا، نەک لە رووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەریی دەبوو.
رێگەی گەشەپێدان عێراق بە وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و تورکیا دەبەستێتەوە، بە نێو 11 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت؛ بەجۆرێک، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە پێشابوورەوە دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
پڕۆژەکە درێژییەکەى هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
کارەکانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050.
رۆژی یەکشەممە، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی دیزاینی بنەڕەتی بەرایی تەواو بووە و چووینەتە قۆناخی دیزاینی وردەکاری یاخود کۆتایی، بەجۆرێک 64٪ـی کاری دیزاینی کۆتایی هێڵی ئاسنین و 60٪ـی کار دیزاینی کۆتایی رێگەی وشکانی تەواو بووە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ قۆناخی دیزاینی وردەکاری کۆتایی دێت. بەشێوەیەکی گشتیی دەکرێت بڵێین 63٪ـی کارەکانی دیزاینی کۆتایی تەواو بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ