رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پارەی پاداشتی کارمەندانی کۆمیسیۆن لە بانکی TBIـیە و چاوەڕێین دابەشی بکات. سەرچاوەیەکیش لە بانکەکە گوتی، تەنیا بە نووسراوی فەرمی دەتوانین پارەکە رادەست بکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە لە بانکی TBIـیە و چاوەڕێین رادەستی بانکەکان بکرێت بۆ ئەوەی ئێمەش کارمەندان ئاگاداربکەینەوە بۆ وەرگرتنی پاداشتەکەیان."
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی TBIـی بە رووداوی گوت: "راستە ئەو پارەیە لای ئێمەیە، بەڵام دەبێت نووسراوی فەرمیمان لە لایەنی حکومەتی عێراقەوە پێبگات، بۆ ئەوەی پارەکە رادەست بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بۆ ئەو مەبەستە پێنەگەیشتووە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 20-10-2024 کرا.
کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان ژمارەیان زیاتر لە 41 هەزار کەس بوو. هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان 100 هەزار دینار، کارمەندانی سەر ئامێرەکان 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن 250 هەزار دینار پاداشت وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ