رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نەوەی نوێ دەڵێت، دەرگەی گفتوگۆیان بەڕووی پارتی و یەکێتی داخستووە و بەشداری لە حکومەتی داهاتوو ناکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-01-2025، هیمداد شاهین، گوتەبێژی نەوەی رایگەیاند، "وەکو نەوەی نوێ ئۆپۆزیسیۆن دەبین و بەشداریی حکومەت ناکەین، دەرگەی گفتوگۆشمان بەڕووی پارتی و یەکێتی دا داخستووە"
نەوەی نوێ لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 15 کورسی بەدەستهێنا.
سەرچاوەیەک لەنێو جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە رووداوی گوت: "هەموو دانووستاندنێک لەگەڵ پارتی و یەکێتی رەتدەکەینەوە و ناچینە حکومەتێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکات."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "لە پێشووتر دا لەلایەن ئەو دوو حیزبەوە پێشنیازی زۆر پۆستی باڵایان پێداوین، بەڵام ئێمە رەتمان کردووەتەوە."
رۆژی 18-01-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون. باسی لەوەش کرد، بەڵێنی 6 وەزارەت و 50 پۆستی دیکەیان پێدراوە.
شاسوار عەبدولواحید پێشنیازی بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی کرد یەک بگرن و حکومەت پێکبهێنن، "هەر 15 پەرلەمانتاری ئێمە دەنگ بەو کابینەیە دەدەن، بێ ئەوەی یەک وەزارەت و پۆست و داواکاریشمان هەبێت. من حەزدەکەم و بەجددیشمە و حەزدەکەم گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەن."
کورسیی لایەنەکان لە پەرلەمان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانی هەرێمی کورستان: 1 کورسی
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: 5 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ