دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 5 چەکداری داعشی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی "5 تیرۆریستی داعش"ی لە دەورووبەری سلێمانی رایگەیاند و دەڵێت، سەرجەمیان داواکراوی دادگەکانی عێراق بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-01-2025، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە سێ ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوودا لە دەورووبەری سلێمانی توانییان 5 تیرۆریستی داعش دەستگیر بکەن".
وەکو دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژانی 19-23-26ـی ئەم مانگە کراون، ئەوەش "لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش".
ئەو چەکدارانەی دەستگیرکراون، دەزگای ئاسایش دەڵێت، بریتین لە: (ص ث ع)، (و ا ر)، (ص س ص)، (م ع ح) و (خ ب ع).
وەکو لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایش دا هاتووە: "سەرجەمیان داواکراوی دادگەکانی عێراق بوون".
دەزگاکە باسی لەوە کردووە، "تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان روویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کە لە ماوەی رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازییان بینیوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، چەکدارەکان بە مادەی 4 لە یاسای تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.