مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە؛ 'بەرگە بگرین یان نا بەردەوامدەبین'

28-01-2025
نزار جەزا
مامۆستایان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی خێوەتیان هەڵداوە.
مامۆستایان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی خێوەتیان هەڵداوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستیپێکردەوە، بە رێپێوان چوونە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، خێمەیان هەڵدا و مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند.
 
مامۆستا شنە یەکێکە لە مانگرتووەکان، لەزۆرینەی خۆپیشاندانەکان بەشدارە و داوا دەکات مووچەکەی لەکاتی خۆیدا پێبدرێت، ئێستا ناوی مانگرتووەکان کۆدەکاتەوە کە نزیکەی 100 کەس دەبن.
 
شنە عەلی، نوێنەری  مامۆستایە مانگرتووەکان دەڵێت: "تەنیا مانگرتنە لە خۆراک بەپێی پێویست، خواردنەوەکانیش ئاو و قاوە بەبێ شەکر رێگەپێدراوە. ئەم شێوازە لە مانگرتنە لەساڵانی نەوەتەکانەوە لەهەرێمی کوردستان تاقینەکراوەتەوە، ئەمجارە تاقیدەکەینەوە بۆ ئەوەی هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانمان جێبەجێبکەن."
 
مانگرتووەکان لەنێو سلێمانی، شار و شارۆچکەکانی دەوروبەریەوە بەشداربوون. مامۆستا، فەرمانبەر و چین و توێژی جیاوازی تێدایە، مامۆستایانی وانەبێژی لادراویش بەشداربوون و داوای گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکان دەکرد.
 
سروش هاواری، یەکێکە لەو مامۆستایانەی مانی گرتووە و باس لەوە دەکات: "لەپێناو قوتی خۆمان، منداڵەکانمان و داهاتووی نەوەکانمان، ژیانمان دەخەینە مەترسییەوە، بەرگەبگرین یان نا هەر بەردەوامدەبین."
 
هەڵمەت عوبدولعەزیز، مامۆستایێکی دیکەی ناڕازییە و لە کفرییەوە هاتووە و ئاماژە بەوە دەدات: "کار بۆ قوتی منداڵەکانمان دەکەین ئەوانەی لێرەن یان نا، ئەوانەش کە گاڵتەیان بە فکری ئێمە دێت، ئێمە هاتووین بەرگری لە نیشتمان و حکومەتەکەمان دەکەین، چونکە رەنگە گەنجێک بێتە سەر شەقام نەزانێت وەکو ئێمە مامەڵە بکات."
 
خەبات لەتیف، فەرمانبەرە و هاتووەتە ریزی مامۆستایە مانگرتووەکان و دەڵێت: "خۆم تەندروستیم باش نییە و ناتوانم بەشداری لە مانگرتنەکە بکەم. باوکی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتم و هاتووم پاڵپشتییان بکەم."
 
دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازییە و لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە داوا دەکات: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەململانێی سیاسی بێتەدەرەوە، چونکە پێمانوایە حکومەتی عێراقیش بە جۆرێک لە جۆرەکان یاری بە کات دەکات بۆ جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی."
 
چۆڵکردنی قوتابخانە و بایکۆت لە وەرزی دووەمی خوێندندا بۆ مووچەی مانگەکانی 12 و یەکە، هاوکات رێککردنەوەی کاتی دابەشکردنی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و بەجێکردن یان تەوتیتنە.
 
نارەزایەتی مامۆستایان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، چەندین شێوازی جیاوازی بەخۆوە بینیوە، ئەمجارە جیاوازتر لە جاران مانگرتنە لە خۆراک، هاوکات بایکۆتێکی بێدەنگ لەنێو ماڵەکانیاندا، ئەویش دیار نییە تاوەکو کەی بەردەوامدەبێت و دەست بە وەرزی دووەمی خوێندن دەکەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە