کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، فەرماندەی گشتیی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاندووە، هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن. لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش ئەو فەرماندەیە گوتوویەتی، "هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2025 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هەردوولا "باسیان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرد، بەتایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نووستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکە."
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەش گفتوگۆ کراوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، "چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە. هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیر دەبن، بەمەش قۆناخێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی دێتە ئاراوە."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، جەنەراڵ هام "دڵخۆشیی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو فەرماندەیەی هاوپەیمانان وەزیری پێشمەرگەی دڵنیا کردەوە، "هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن."
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەش، ئەو فەرماندەیە باسی لەوە کردووە "هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە. دڵنیاین ئیرادەی ئێوە (وەزیری پێشمەرگە) بۆ چاکسازیی راستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا. ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتتان دەبین."
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە.
پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ