رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، 70%ی موەلیدەکانی قەزاکە بێدەنگ کراون. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو 20 رۆژی دیکە هیچ موەلیدەیەک نامێنێت بێدەنگ نەکرابێت.
رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025 دلاوەر بوزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "15 رۆژ مۆڵەتمان بە خاوەن موەلیدەکان داوە فۆرم پڕبکەنەوە، ئەوەی دەیەوێت شوێنی موەلیدەکەی بگۆڕێت، دەبێت کاری پێویست بکات. دوای ئەوەش 15 رۆژی دیکەیان پێدەدرێت تاوەکو موەلیدەکان بێدەنگ بکرێن."
قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، "زیاتر لە 10 رۆژە دەستمان بە فۆرم پڕکردنەوە کردووە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70%ی موەلیدەکانی قەزاکە بێدەنگ کراون."
لە سەنتەری قەزای ئاکرێ 72 موەلیدە هەن؛ بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، "تاوەکو 20 رۆژی دیکە هەموویان بێدەنگ دەکرێن."
خانوو یان سندووق بۆ موەلیدەکان دروستدەکرێت، تاوەکو دەنگیان دەرنەچێت و خەڵک بێزار نەکەن. دلاوەر بوزۆ دەڵێت، "هەر کەسێک پابەندی رێنوێنییەکان نەبێت و موەلیدەکەی ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ژاوەژاو، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
12ی کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ