لە ئەمریکا یادی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرایەوە

27-01-2025
دیار کوردە @diyarkurda
وێنەی قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە رێوڕەسمەکە هەڵواسراوە.
وێنەی قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە رێوڕەسمەکە هەڵواسراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 بەبۆنەی 79ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە رابەرایەتی پێشەوا قازی، نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، رێورەسمێکی تایبەتیان رێکخست. لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە نێویاندا نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بەشدار بوون. 
 
لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەک گوتار پێشکێشکران و بە چەندین چالاکی، گۆرانی و سروودی نیشتمانی، یادی ئەو رۆژە کرایەوە. هاوکات رێوڕەسمەکە بووە هۆی نزیکبوونەوەی کوردانی ئەمریکا و کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.
 
 کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان چاویان لەوەیە بە گەڕانەوەی ترەمپ، گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورد، پێکهاتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رووبدات و کوردیش ئەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بقۆزێتەوە تاوەکو یەکگرتووتر بێت و بەیەکەوە دەسکەوتی گەورەتر بۆ گەلەکەیان بەدەستبهێنن.
 
ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی حدکا کە رێکخەری رێورەسمەکە بوون، لەبارەی گرنگی رۆژەکە و یادکردنەوەی ئاماژەی بەوە دا، ''لە راستیدا ئەمە 79ـەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە، گرنگییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت، یەکەمیان شوناسی کوردی لە بنچینەدا، بەنەتەوەبوون لە بنچینەدا، لەسەر داخوازی ئەوەیە کە حکومەتێکی سەربەخۆ بوونی هەبێت، ئەگەر حکومەتێکیش نەبێت، ئاژانسێک یانیش کیانێک بوونی هەبێت تاوەکو کورد بتوانێت چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست، کۆماری کوردستان، یەکەمین هەوڵی مۆدێرنە ئەو توانایەی بە کورد داوە کە بتوانێت، ئەو کیان و ئەیجنسییە بۆ کورد دەستبەر بکات. هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێت، ئەمەش بووەتە هەوێنی ئەوەی کە ئەمڕۆ پێیی دەڵێین، بزاڤی رزگاری خوازی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان.''
 
باران رەشیدی، کوردی دانیشتووی ئەمریکایە و یەکێک بوو لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە و دەڵێت، ''بەبۆنەی ئەوەی ئەمڕۆ دووی رێبەندانە، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری کوردستانە کە لە مەهابات دامەزرا، یادێکی پیرۆزە و لەبەر خاتری ئەو یادە هاتووینەتە ئێرە، کوردی ئێرەش، کوردی هەرچوارپارچە بەیەکەوە کۆبوونەتەوە، ئەمەش گرنگییەکی زۆری هەیە کە هەر چوار پارچەی کوردستانی بەیەکەوە کۆکردووەتەوە.''
 
محەممەد داستان، کاسبکارە و لە رێوڕەسمەکە باس لە گرنگیی یەکگرتنی کورد دەکات و دەڵێت، ''ئەمڕۆ رۆژێکی هەستیارە، هەموومان دەزانین، بەڵام ئەوەی ئەرکی کوردە لە هەرشوێنێک بێت، بەتایبەتیش ئەوانەی رێبەرایەتی کورد دەکەن، ئەمڕۆ یەکگرتنە، یەک ریزییە دەبێت بیپارێزین، هەتاوەکو یەکڕیزی کورد نەبێت، ئێمە هەرچی بکەین بە خۆڕایی چووە، بۆیە دەبێت لەهەرچوار پارچەی کوردستان، بەتایبەتیش لەنێوان حیزبە سەرەکییەکان، دەبێت ئەو بەشە بپارێزن تاوەکو خەڵکی دیکەش چاویان لێبکات، خەڵکی ئێمە تینووی ئازادین، خەڵکی ئێمە تینووی یەکڕیزییە، بۆیە تاوەکو یەکڕیزی هەبێت، خەڵکەکەش زیاتر لایەنگریمان دەکەن.''
 
 
خەبات ئیبراهیم پوور، ئەندامی حیزبی حدکایە و لەبارەی بوونەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا و کاریگەرییەکەی لەسەر ئێران باس لەوە دەکات، ''بە بۆچوونی من (هاتنی ترەمپ) رەنگدانەوەی باشی دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر وەک خولی پێشووی کە ترەمپ سەرۆککۆماربوو، هاوشێوە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دانێتەوە و گوشاری زیاتر بۆ ئێران بهێنێت، بەتایبەتیش لە بواری ئابوورییەوە، کە ئێستا ئابووری ئێران بەرەو داڕمان دەچێت، ئەگەر گوشاری زیاتریش هەبێت، لە ئەنجامدا کاریگەری زۆر باشی دەبێت، هەروەها ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا بتوانێت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بەتایبەتیش ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە رۆژهەڵات کار بکات و کوردیش خۆیان لەسەر یەکگرتوویی کار بکەن و بتوانن بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن لە ئەنجامدا زۆر باش دەبێت و کاریگەری زۆر باشی دەبێت.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 بنکەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران. وێنە: AFP

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: ئێران نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، رایگەیاند، ئێران ئەوەندە دوور نییە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران شوێنی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد.