لە کەلار مامۆستایەک سکاڵای لەسەر بەڕێوەبەری پەروەردەکەی تۆمار کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دژی سزادان و تۆمارکردنی ئامادەنەبوون، یەکەم مامۆستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی سکاڵای لە دژی بەڕێوەبەری پەروەردەیەک لە دادگەی بەرایی کەلار تۆمار کرد. ئەندامێکی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت، "بەمنزیکانە ژمارەیەک سکاڵا لە دژی بەڕێوەبەری پەروەردەکان تۆمار دەکرێن."
 
کارۆخ عومەر، مامۆستا لە ئامادەیی باکووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەلار یەکەم سکاڵای لە دژی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار تۆمار کرد.
 
سکاڵاکە بەهۆی "سزادان"ەوەیە و ئەو مامۆستایە دەڵێت، "لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە بە ئامادەنەبوون سزا دراوم، لە کاتێکدا بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، لە ئەم ساڵدا لە رۆژی 16 بۆ 20ی ئەم مانگە پشووی وەرزی یەکەمی ساڵی 2023 - 2024ی خوێندنە."
 
کارۆخ عومەر کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە، هێشتا مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری وەرنەگرتووە، دەڵێت، سەرەڕای ئەوە "سزای ئامادەنەبوونم دەدرێت، بۆیە لە سکاڵاکەمدا کە لە دادگەی بەرایی کەلار کردوومە، ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە کە بەڕێوەبەری پەروەردە بەبێ ناردنی لیژنە یان لێکۆڵینەوە، دەستی بە سزادانی مامۆستایان کردووە، ئەمەش ناگونجێت."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا لیستی 43 مامۆستای سزادراو بڵاوکرایەوە کە لەلایەن پەروەردەی قەزای کفریی سەر بە ئیدارەی گەرمیانەوە بە "ئامادەنەبوون" سزا دراون.
 
محەممەد شەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە رووداوی گوت، "ماوەیەکە دەستکراوە بە سزادانی مامۆستایان و تۆمارکردنی نەهاتن، بۆیە ژمارەیەک مامۆستا و پارێزەر جوڵەیەکیان دەبێت بۆ تۆمارکردنی سکاڵا." گوتیشی: "لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان سزادان دەستیپێکردووە، ئەمەش کارێکی خراپە، دەبێت بەڕێوەبەری پەروەردەکان دەستی لێ هەڵبگرن."
 
ئەمڕۆ چوار مانگ و نیوە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکی مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت لە زۆرینەی قوتابخانەکان دەوام دەستیپێکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە شارەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە و راپەڕین خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوەچوو.
 
یەکێک لە گوشارەکان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان و ناچارکردنی مامۆستایان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەنەهاتوو هەژمارکردنی هەر مامۆستایەکە بەردەوام بێت لە بایکۆت.
 
ئەمڕۆ کە 28ـی کانوونی دووەمی 2024یە، نزیکەی 45 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مانگی ئەیلوول تێدەپەڕێت و مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمیش نەدراوە. دیاریش نییە کەی مووچەی مانگی کانوونی دووەم دابەش دەکرێت.