ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاسایی دەخۆن

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی دووشەممە 29-01-2024 ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سوێندی یاسایی بخۆن و 08-02-2024یش یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی بکرێت.
 
هۆشیار هیجران، ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە سبەی دووشەممە لە کەرکووک و لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری، ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندی یاسایی بخۆن."
 
ئەو ئەندامە هەڵبژێردراوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی زانیارییەکان رۆژی 8ی شوبات ئەنجوومەنی نوێی پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات، تێیدا بەپێی رێکارە یاساییەکان سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن."
 
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گفتوگۆیەک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک کراوە، هۆشیار هیجران ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا گفتوگۆ تەواو نەکراوە، بەڵام هەوڵەکان هەن و بەمنزیکانە دەست بە گفتوگۆی چڕ دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە و هەڵبژاردنی پارێزگار."
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق دەبێت 15 رۆژ لە دوای پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.