رووداو دیجیتاڵ
بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە تایبەتە بە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-1-2024 لە بناری چیای قەرەجداخ پێشکێشکرا. قەرەجداخ دەکەوێتە سێگۆشەی نێوان ئامەد، رووها و مێردین لە باکووری کوردستان.
هێڤیدار زانا، پێشکێشکاری بووڵتەنەکە لە ناوچەیەکی سپیپۆشی بە بەفر داپۆشراو بووڵتەنەکەی پێشکێشکرد. لە بناری چیای قەرەجداخ قەرەباڵخی زۆر هەبوو، چونکە ئێستا ئەو ناوچەیە بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر زۆر لەبارە و هاونیشتمانییان لە ئامەد، وان، مووش، مێردین، رووها و پارێزگاکانی دیکەوە رووی تێدەکەن.
ئەمڕۆ قەرەباڵخییەکە زیاتر بوو، چونکە رۆژانی یەکشەممە لە باکووری کوردستان و تورکیا پشووی هەفتەیە. منداڵان و گەنجان بەشێکی سەرەکی ئەو گەشتیارانەیان پێکدەهێنا چووبوونە بناری چیای قەرەجداخ.
لەگەڵ خلیسکێنەی سەر بەفر، دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دەهات و بەشێک لە هاونیشتمانییانیش بە جلوبەرگی کوردییەوە شاییان دەکرد و خلیسکێنەیان دەکرد. دیمەنێکی دیکەش کە بە دەگمەن لە ناوەندەکانی دیلەی خلیسکێنەی سەر بەفر دەبینرێت ئەوە بوو، گەشتیاران خەڵووزیان گەشکردبووەوە و گۆشتیان دەبرژاند.
باکووری کوردستان ئامادەکاریی تەواوی کردووە
باکووری کوردستان بۆ ئەم وەرزەی گەشتیاری ئامادەکاری کردووە. ئامەد رۆژانە توانای پێشوازیکردن لە 10 هەزار گەشتیاری هەیە؛ ئێستا زیاتر لە هەزار هۆتێل و مۆتێل لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران ئامادەن.
ئامەد ساڵی 2023 پێشوازی لە ملیۆنێک و 253 هەزار گەشتیار کرد. ئێستا ژمارەیەک هۆتێلی دیکە لەو پارێزگایە دروست دەکرێن و بە تەواوبوونیان ئەو توانایە 2 ملیۆن تێدەپەڕێنێت.
هەوڵێکی جیدی هەیە و بانگەواز لە رێکخراو و کۆمەڵەکانیش دەکرێت کە پێکەوە دەست بە بایەخدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاریی باکووری کوردستان بکەن.
یەکێک لەو هەوڵانەی لە ئامەدەوە دەدرێت، ناساندنی شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی باکووری کوردستانە کە بناری چیای قەرەجداخ یەکێک لەوانە.
دۆغان شان، خاوەنی کۆمپانیای ئاسور توەریزم کە لە بناری چیای قەرەجداخ بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێرە تا بڵێی شوێنێکی لەبارە بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر، بەڵام هەندێک کەموکوڕیش هەن. بۆ نموونە، بەهۆی نەبوونی هۆتێل و شوێنی مانەوە بە گشتی، گەشتیاران ناتوانن لێرە بمێننەوە. ئەگەر شوێنی مانەوە هەبێت، زۆر قەرەباڵختر دەبێت. ئەمە وادەکات گەشتیاران زووتر ئێرە جێبهێڵن و خۆیان بگەیەننە شوێنی مانەوە. ئەگەرنا ئێرە کە دوو هەزار مەتر لە ناوەندی ئامەد بەرزترە، گەشتیاری زیاتر رووی تێدەکەن. بێگومان لە کۆی ئەو ملیۆن و 253 هەزار گەشتیارەی پار، 149 هەزاریان لە دەرەوە هاتن. بگرە گەشتیار لە چینیشەوە دێنە ئامەد".
گەشتیاران لە باشووری کوردستانەوە زۆر دێن
لەبارەی هۆکاری سەرسامیی گەشتیارانی بیانی و گەشتکردنیان بۆ ئامەد، دۆغان شان گوتی، "ئامەد شوێنێکی مێژووییە و شوێنەواری زۆرە؛ هەروەها ناندینێکی زۆر دەوڵەمەند و ناوازەی هەیە. ئەو دوو خاڵە سەرەکییە وایانکردووە گەشتیارانی بیانی بەمجۆرە رووبکەنە ئامەد. لە باشووری کوردستانیشەوە گەشتیاری زۆر روو لێرە دەکەن. ئەوان زیاتر لە وەرزی بەهاردا دێنە ئامەد. ئێستا دەبینین چیای قەرەجداخ بە بەفر سپیپۆش بووە، بەڵام هاوینیشی خۆشە و پلەی گەرما ئەوکات 25-27 پلە دەبێت، لەکاتێکدا پلەی گەرما لەنێو ئامەد 40-45 پلە دەبێت".
دۆغان شان گوتی، "ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیارانمان زیاتر دەبێت. بەردەوام لە هەوڵداین بۆ زیاترکردنی ژمارەی گەشتیارانمان، بەڵام پێویستە رووتەختی خلیسکێنەی ستاندارد دروست بکرێت و هۆتێل لەم ناوچەیەدا هەبێت. ئەوەتا دەبینیت خەڵک زوو بیر لە گەڕانەوە دەکەنەوە، چونکە ناتوانن شەو بمینێتەوە."
دۆغان شان باسی لەوە کرد کە "تەنیا رۆژی یەکشەممە دوو هەزار و 500 گەشتیار سەردانی قەرەجداخیان کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە تەنانەت شوێنی وەستاندنی ئۆتۆمبیلیش نییە. بەشێک لە گەشتیاران کاتێک دەگەنە ئێرە و ئەمە دەبینن، دەگەڕێنەوە. چیای قەرەجداخ لە ناوەندی ئامەدەوە 60 کیلۆمەتر دوورە. بۆچی گەشتیار 200 کیلۆمەتر ببڕێت بۆ ئەوەی گەشت بکات؟ ئێرە شوێنێکی تابڵێی خۆشە".
"با پشووەکەم لە زێدی خۆم بەسەرببەم"
مەریەم کەنگیش یەکێک لەو گەشتیارانە بوو کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بە شێوەیەکی زۆر باش خلیسکێنەی سەر بەفری دەکرد. مەریەم کە خەڵکی گوندی قەرەجداخ کاناخە لە بووڵتەنە تایبەتەکەی رووداو قسەی کرد و گوتی، "ماوەی چوار ساڵە خلیسکێنە دەکەم و شارەزایی چاکم لێی هەیە. باوکم فێری کردم. دەخوێنم، ئینجا ئێستا قوتابخانەکان لە پشوودان، منیش گوتم با پشووەکەم لە زێدی خۆم بەسەرببەم. پێشنیاز دەکەم حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئەم ناوچەیە باشتر بکەن. بۆ نموونە، رێڕەوی خلیسکێنەکە درێژتر بکەن و تەلەفریکەکەش نۆژەن بکەنەوە. ئێرە شوینێکی زۆر لەبارە بۆ گەشتیاری زستانە و بە درێژایی سێ مانگ بەفری پێویستی هەیە."
ئۆرهان ئاتیلا، خاوەنی ناوەندی خلیسکێنەی قەرەجداخیش بووە میوانی بووڵتەنە تایبەتەکەی رووداو و باسی لەوە کرد، ئەو ناوەندەی لە ساڵی 1999 دروستکردووە و لەو کاتەوە چالاکییەکانی گەشتیاریی زستانە بەردەوامن.
ئاتیلا گوتی، هۆتێلیان دروستکردووە، بەڵام ئەم ساڵ تەواو نابێت؛ هەروەها شوێنی وەستاندنی ئۆتۆمبیلیش کاری لەسەر دەکرێت.
هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی کەوێ کە بە جلی کوردییەوە بووە میوانی بووڵتەنەکەی رووداو و گوتی، "خەڵکی قەرەجداخم و هاتوومەتە ئێرە. خلیسکینە ناکەم؛ تەنیا هاتووم ئێرە ببینم. ئاژەڵدار بووم و ئێرە رێگەی کۆچەریمان بوو. ئێستاش هەر ئاژەڵدارم. ئێستا منداڵەکانم زۆر دێنە ئێرە، بەڵام من کەمتر دێم".
هاونیشتمانییەک بە ناوی هەمزە، بە دەم شاییەوە قسەی بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، خەڵکی قەرەجداخە؛ هەروەها باسی لە گرنگیی ناوچەکە کرد و لاوکێکی تایبەت بە قەرەجداخیشی پێشکێشی تۆری میدیایی رووداو کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ